30 هەزار کەسن
بڕگەی خانەنشین کردنی گرێبەستەکان یەکلایی نەبووەتەوە
+964
ئەحمەد مستەفا
فەرمانبەرانی گرێبەست لە لێکۆڵینەوەی ئەوەدا بوون، پاش خزمەتکردنیان بۆ ماوەی 15 ساڵ وەک فەرمانبەری گرێبەست، دەتوانن خۆیان خانەنشین بکەن.
لە کاتێکدا بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق، هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و 50 ساڵ تەمەنی زیاتر بێت، دەتوانێت داوای خانەنشینی پێشکەش بکات.
پێگەی فەرمى فەرمانبەرانى گرێبەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە بە ئامانجى بوون بە فەرمانبەرى هەمیشەیى دامەزراوە، وەڵامێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەولێر /2ی بۆ خانەنشینی فەرمانبەری گرێبەست بڵاوکردەوە و بە قسەی ئەوان بێت، “ئێستا تەنیا هاوتاکردنی موچە جێبەجێ دەکرێت، ماویەتی بڕگەکانی دیکەی بڕیاریان لەبارەوە بدرێ”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، بەشێکیان نزیکەی 15 ساڵ دەبێت لە فەرمانگەکانی حکومەت کاردەکەن، موچەکانیان لە نێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە، زوو زوو بەشێکیان خۆپیشاندان دەکەن.
دانا سدیق، فەرمانبەری گرێبەستە ئەو بە 964ی وت، خەمی سەرەکی ئێمە ئەوەیە، هەمان ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرێک کە دامەزراوەیی هەمیشەییە ئێمەش بگرێتەوە، بۆیە هەمان داوای بە هەمیشەیی کردن دەکەین، هەروەها چەسپاندنی برگەی خانەنشینی فەرمانبەرانی گرێبەست.
ئەو وتی، کۆتایی هەفتەی رابردوو پەیامێک بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئەوەی نوێنەرەکانمان بە ئێمەیان وتووەتەوە، داوای بڕیاردان بۆ بە هەمیشەی کردنی گرێبەستەکان کراوە،
لە بەیاننامەیەکدا نوێنەرایەتی دەستەی فەرمانبەرانی گرێبەست، پێشتر ئەوەیان راگەیاندبوو، ”بەڵێنیان پێ دراوە، لە ماوەی 15 رۆژ کاری جدی دەکرێ، لەسەر دامەزراندنی گرێبەستەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو تیمە تەنانەت ئامادەنین زانیاری و گفتوگۆشیان لەگەڵ بکەن بە بیانووی جیاواز”.
“ئێمە هەموو جۆرە قوربانییەکمان دا لە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانبەری دوور بووین لە مۆڵەتی نەخۆشی، بێ مۆڵەتی دایکایەتی بە نیو موچە بێ گۆڕینی بڕوانامەکانمان، بێ دەست خۆشی و سەرەموچە و بێ هەموو ئیمتیازێک بەردەوام بووین”، نوێنەرایەتی دەستەکە وای وت.