لە ماوەی دوو رۆژدا 210 نەمام دابینکراوە

هەڵمەتێکی چاندنی نەمام بە بەشداری هاوڵاتییان لە شارەزوور راگەیندرا

+964

ژێوار خدر

چەند گەنجێکی قەزای شارەزوور، لە یادی دامەزراندنی سایتەکەیاندا هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان راگەیاندووە و دەیانەوێت ژینگەی شارەکەیان لە رێگەی ئەو هەڵمەتەوە سەوزتر بکەن.

سەروەت کاوە، یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان ناوچەیەکی دەشتاییە و با زۆر دەیگرێتەوە، زۆر کات نەمامەکانی ناو بازاڕ بەهۆی رەشەباوە دەشکێن، بۆیە ئێمەش بیرمان لەوە کردەوە لە یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنی پەیجەکەمان هەڵمەتێکی چاندنی نەمام دەستپێبکەین بۆ زیاد کردنی سەوزایی لە دەڤەرەکەمان.

وتیشی، ئێمە خۆمان بە 10 نەمام بەشداریمان کردووە و هەڵمەتەکەش کراوەیە و هەموو خەڵکی شارەزوور دەتوانن بەشدار بن ئەگەر بە دابین کردنی یەک نەمامیش بێت.

روونیشیکردەوە، دوو رۆژە هەڵمەتەکەیان راگەیاندووە و تا ئێستا 210 نەمام دابین کراوە لەلایەن خەڵک و لایەنە ئیدارییەکانی قەزاکەوە، هەڵمەتەکەش لە سەنتەری قەزای شارەزوور و ناحیەی زەرایەن جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە شوێنی چاندنی نەمامەکان، سەروەت کاوە وتی، هەماهەنگیمان لەگەڵ شارەوانی شارەزوور کردووە و ئەوان بڕیارە شوێنمان بۆ دابین بکەن، چونکە پێویستە شوێنێک بێت بتواندرێ رۆژانە لەلایەن شارەوانییەوە ئاو بدرێت و خزمەت بکرێت.

”تا بەرواری 24.9.2024 هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و نەمام وەردەگیرێت و لە 25.9.2024 نەمامەکان دەچیندرێن.” سەروەت کاوە وای وت.

هەرکەسێک ویستی بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکات و نەمام دابین بکات دەتوانیت پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بکات

07501267163

07501675535

چەند گەنجێکی خۆبەخش بازاڕی سیروانیەکانی قەزای شارەزوو...

چەند گەنجێکی خۆبەخش بازاڕی سیروانیەکانی قەزای شارەزووریان نوێکردەوە