دەستپێکێکی خراپی ساڵی نوێ بوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
+964
فەهمی نەبی-هەولێر
مانگی یەکەمی ساڵی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، مانگی جوڵاندنی دۆسیە کەڵەکەبووەکانی دادگا بوو، بەتایبەت لە دادگای باڵای فیدڕاڵی.
لە نوێترین هەواڵی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت، کۆمپانیای ترافیگۆرا– Trafigura گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.
دوێنێ هەینی 27ی کانونی دووەم، ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ترافیگۆرای سەنگافوری، بۆ گواستنەوەی نەوت گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەهاکەی 273 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیاکە داوای بڕی 273 ملیۆن دۆلار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە هەواڵەکە هاتووە، کۆمپانیای ترافیگۆرا ویستویەتی لە پەراوێزی کۆنگرەی ئابووری جیهانی داڤۆس لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆببێتەوە بەڵام لە دواین چرکەساتی کۆبوونەوەی نێوانیان دانیشتنەکە لەسەر داوای مەسرور بارزانی هەڵوەشاوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، دادگای فیدراڵی کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەست بە کۆمەڵێک سکاڵا ئامادە کردوە و دانەیەکیانی لەبارەی ناردنی 400 ملیارەکە یەکلایی کردەوە.
رۆژی 25ی کانونی دووەم، دادگای باڵای فیدراڵی کە بارەگاکەی لە بەغدایە، لەسەر سکاڵای مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری شاری بەسڕە لە پەرلەمانی عێراق، بڕیاری ناسایی بوونی ناردنی 400 ملیارەکەی بۆ هەرێم نارد.
وا بڕیارە رۆژانی 30 و 31ی کانونی دووەم، دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر پارەی پسولەی خۆراک و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کۆبێتەوە.
دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارەی پسولەی خۆراک، لە ساڵی 2004 بۆ ساڵی 2021، کۆمپانیاى گشتی بازرگانی خۆراکى حکومەتى فیدراڵى لە دژى وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانی تۆماریکردوە.
ئەو سکاڵایەی بڕیارە 31ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی لەسەری کۆبێتەوە لەلایەن هەریەکە لە یوسف محەمەد سادق و جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمارکراون، سکاڵاکە لە بارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانە کە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2022، بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی دا.