كه‌سوكاره‌كه‌ى وه‌زیری داد و باڵیۆزى عێراقیان له‌ ئه‌نكه‌را بینیوه‌

12 كه‌س له‌سه‌ر كوشتنى حه‌كیم گۆران ده‌ستگیركراون و سێ له‌وان بكوژن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كه‌سوكارى حه‌كیم گۆران، ئه‌و گه‌نجه‌ دهۆكییه‌ى 11 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئیستانبۆڵ به‌ ‌چەقۆ كوژرا ده‌ڵێن، وه‌زیرى داد و داواكارى گشتى توركیا و باڵیۆزى عێراقیان له‌ ئه‌نكه‌رە بینیوه ‌و بۆیان دووپات كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ بكوژانى كوڕه‌كه‌یان توندترین سزا وه‌رده‌گرن.

شه‌وى 1.9.2024 له‌ ئیستانبۆڵى توركیا چه‌ند كه‌سێك به‌ قه‌چۆ هێرشیان كرده‌ سه‌ر هاوڵاتی حه‌كیم لوقمان، تەمەن 45 ساڵ و دانیشتووى ناحیەى کەڵەکچی سه‌ر به‌  پارێزگاى دهۆک، ئه‌وكات یه‌كێك له‌ ئامۆزاكانى وتبووى، بە 12 کەس هێرشیان کردووەتە سەرى و بە چەقۆ کوشتویانە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌زمانى كوردى قسه‌ى كردووه‌، به‌ڵام هێنده‌ى پێنه‌چوو جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆكکۆماری تورکیا وتى “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە رووداوەکە دوور و نزیک پەیوەندی بە قسەکردنی کوردییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی دەمەقاڵێی جیاوازەوە بووە”.

ئه‌كڕه‌م نه‌سڕوڵا ته‌مۆ، ئامۆزاى حه‌كیم و یه‌كێك له‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى كوژراوه‌كه‌ سه‌ردانى توركیایان كردووه‌، به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى دوو شه‌و له‌ توركیا ماونه‌ته‌وه‌ و توانیویانه‌ وه‌زیرى داد و جێگره‌كه‌ى و داواكاری گشتى و باڵیۆزى عێراق له‌ ئه‌نكه‌ره‌ ببینن.

وتیشی “هه‌موو به‌رپرسه‌ باڵایانه‌ دڵنیاین كردینه‌وه‌ كه‌ بكوژانى ئامۆزاكه‌مان قوڕسترین سزا وه‌رده‌گرن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، 12 كه‌س له‌سه‌ر كوژرانى ئامۆزاكه‌ى ده‌ستگیركراون، له‌ناویاندا سێ كه‌س وه‌ك بكوژ و یه‌كێك له‌وانه‌ش وه‌كو بكوژى سه‌ره‌كی.

روونیشیكرده‌وه‌، ته‌رمى ئامۆزاكه‌ى له‌ توركیا توێكارى پزیشكى بۆ كراوه‌ و ماوه‌ى شه‌ش مانگی پێده‌چێت تاوه‌كو راپۆرتى پزیشكى دادى ده‌رده‌چێت و ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌م راپۆرته‌ و ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان دادگاى توركیا ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ خۆیان وه‌كو كه‌سوكارى له‌رێگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌و سه‌ردان و دیدارانه‌یان رێكخستووه‌ و ده‌شڵێت “حكومه‌تى هه‌رێم هیچى بۆ نه‌كردووین و ئه‌وه‌ى كراوه‌ خۆمانم كردوومانه‌”.

ئاكپارتى: بارزگانه‌ دهۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر قسه‌كردن ب...

ئاكپارتى: بارزگانه‌ دهۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر قسه‌كردن به‌ زمانى كوردى نه‌كوژراوه‌