بکوژی باوک و کچە ئێزیدییەکەی دهۆک لە سێدارە دەدرێت
میدیازان – هەژین رێکانی – دهۆک
دادگای دهۆک، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی فاروق و کچەکەی دەرکرد، تیمی پارێزەرانی قوربانییهكانیش، پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن و، دەڵێن یاسا سەروەر بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی ئەیلول، دادگای دهۆک بڕیاری سێدارەی بەسەر بکوژی فاروق میرزاو ئاخنیکای کچی دەرکرد، کە مانگی ئابی رابردوو بە دەستی کەسێک بەناوی “بەرەکات” هاتنە کوشتن، لە ١٣ـی ئابی رابردوو، تەرمی فاروق میرزاو ئاخنیکای کچی لە باخچەی ماڵی بکوژ دۆزرانەوە.
فاروق میرزا، کوردێکی ئێزیدییەو دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەڤەری ئێزیدییەکان ئاوارەی دهۆک بووەو لە کەمپی چەمشکۆ نیشتەجێیە.
نەها میرزا خەلەف خوشكی قوربانییهكه دەڵێ، بکوژ فاروقی دەناسی و داوای لێکرد کە خواردنی بۆ بباتە ماڵەکەی، ئیدی فاروق رۆیشت و نەگەڕایەوە، زیاتر وتی “سوپاست حکومەتی هەرێم دەکەین لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا”.
ئیبراهیمی برای فاروق دەڵێ، هێشتا ئازاری کوشتنی فاروق و کچەکەی لە دڵی ئێمە دەرنەچووە، بەڵام بە بڕیارەکەی دادگا دڵخۆشین، پێیانوایە کەسانی وەک بکوژ مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگا.
پەیامنێری میدیازان دەڵێ، بەرەکات، پێشتریش لەسەر رفاندنی دوو کچی ئێزیدی دەستگیر کرا بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کرا.
تیمێکی خۆبەخشی پارێزەران کە لەچوار پارێزەر پێکهاتبوون، بوونە پارێزەری کەسوکاری فاروق.
رۆژ جەمال کە یەکێکە لە پارێزەرانی خۆبەخش بە پەیامنێری میدیازانـی راگەیاند، لەو دۆسیەیەدا یاسا سەروە بووەو “دڵخۆشین بە بڕیارەکە”.