سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاشكرای دەكات

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان و عێراق باسی چی كرا؟

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك، وردەكاریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هاوتا عێراقییەكەی بڵاوكردەوە.

مەسرور بارزانی نووسیویەتی، “ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، گفتوگۆمان لە بارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرد و جەختمان لە رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە”.

هەروەها نووسیویەتی، “ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە رێزگرتن لە دەستوور و رێککەوتنەکان، بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان”.
“جەختمان لەوە کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتیانی بەسڕە و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات”، لە پۆستەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا واهاتووە.

مەسرور بارزانی دەڵێت، “دووپاتمان کردەوە هەرێمی کوردستان ، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ رێز لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت”.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی پۆستەكەیدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاشكرای كردووە، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور، وتیشی هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.

هەر لە پۆستەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، “دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون کە تێیدا بە شێوەیەکی راشکاوانە بیروڕا دەربارەی چارەسەکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بن”.

سبەی ئەنجومەنەكانی ئابووریی كوردستان و عێراق لە هەولێ...

سبەی ئەنجومەنەكانی ئابووریی كوردستان و عێراق لە هەولێر كۆدەبنەوە