بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاساناسانی کوردی کردووە بە دوو بەشەوە
+964
ئاودێر عومەر-سلێمانی
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان یاساناسانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێک پێیانوایە نادەستوورییە و بەشەکەی دیکە بە ئاسایی دەزانن.
رۆژی 25ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد، تیایدا سەرجەم ئەو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەکەی مستەفا کازمی هەڵوەشاندەوە لە بابەتی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
تۆڕی 964 بۆچوونی هەریەک لە حاکم رزگار محەمەد و دکتۆر یوسف محەمەد وەرگرت، یەکەمیان پێیوایە بڕیارەکە نادەستووریە و دووەمیان هیچ کێشەیەکی تیادا نابینێت.
حاکم رزگار محەمەد ئەمین، کە یەکێک بوو لەوانەی دادگایی سەدام حوسێنی کرد، لەبارەی دەستووریی بوونی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وتی، “بڕینی بودجە لە بەشێکی عێراق نادەستوورییە، چونکە بەپێی مادەی 14ی دەستوری عێراق دادگای فیدڕاڵی ئەو مافەی نییە، بەپێی مادەی 105 و 106 هەموو خەڵکی عێراق بەشدار دەبن لە داهاتی وڵات، لە مادەی 121 هاتووە، دەبێت هەرێمەکان بەپێی ژمارەی دانیشتوان سەرچاوەیەکی عادیلانەیان بۆ دابین بکرێت”.
حاکم رزگار، بۆچوونی وایە ئەو بڕیارە، قوتی خەڵکە و تێکەڵ بە کێشەیەکی سیاسیی کراوە، ئەوەش دەڵێت، “دادگای فیدڕاڵی نادەستوورییە بەپێی مادەی 92 بڕگەی دوو کە تیایدا هاتووە، دەبێت دادگا لە کەسانی یاساناس و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و دادوەر پێک بێت، بەڵام ئەوەی هەیە پێچەوانەیە”.
لە لایەکی دیکە، یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەڕلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عێراق، کە لە هەمان کاتدا دکتۆرای هەیە لە یاسادا بە تۆڕی 964ی وت، ” ئەوەی من دەیبینم هیچ کێشەیەکی قانوونی لە بڕیارەکە نییە، بڕیارێکی لەو شێوەیە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە پرسی نەوت و غاز بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە”.
باسی لەوەشکرد، “لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2021، بەر لە چالاکبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بە بەرپرسانی هەرێممان وت، رێکەوتنێکی کۆنکرێتی پرسی نەوت وغاز بکەن چونکە ئەودادگایە دەست بەکارببێتەوە یەکەم مەلەف نەوت وغازی هەرێمە بەڵام گوێییان لێنەگرتین”.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو، لەسەر دوو پرسی دیکەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، دادگای فیدراڵی عێراق دیسان کۆببێتەوە، چاوەڕێدەکرێت ئەو پرسانەش کاردانەوەی فراوانیان لێ بکەوێتەوە.