ئەوانەى 18 بۆ 30 ساڵن 10%یان دەتوانن بچن بۆ حەج
رێژەى بەشدارى لە حەج بەپێى تەمەن دیاریکرا
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق رایدەگەیەنێت، سێ ملیۆن هاوڵاتى عێراق بۆ بەشداریکردن لە تیروپشکى ئەلیکترۆنى حەجى ساڵانى 2025.2026.2027، ناوى خۆیان نوسیووە، 60%ـى ئەو کەسانەى ناویان دەردەچێت سەروو 50 ساڵن.
ئەمڕۆ شەممە، سامى مەسعودى سەرۆکى دەستەى حەج و عومرەى عێراق، لە مەراسیمى تیروپشکی ئەلیکترۆنی حەج، رایگەیاند، ناونوسین بۆ بەشداریکردن لە وەرزى حەجى 2025.2026.2027، گەیشتووە بە سێ ملیۆن کەس و لەو رێژەیەش 60 لە سەدى بۆ کەسانى سەروو 50 ساڵ دانراوە و ئەوانەشى لە 30 ساڵ بەرەو سەرووترن رێژەى 30%یان بەردەکەوێت، کەسانى 18 بۆ 30 ساڵیش پشکى 10% دەبەن.
“لەلایەن وڵاتى سعودیەوە مەرج سەپێنراوە بەتایبەت لە بارەى بارى تەندروستى حاجیان، بۆیە لە رێگەى لیژنەى تەندروستییەوە بڕیار بڕیار دەدرێت کە ئایا چ حاجییەک رێگەى پێدەدرێت بۆ سەفەرکردن یان نا”، سامى مەسعود واى وت.
ئاشکراشى کرد کە سعودیە رێژەى حاجیانى بۆ هەر وڵاتێک دیارى کردووە، بەشێوەیەک بۆ یەک ملیۆن کەسێک 1000 پشک دیارى کراوە.
رۆژى پێنجشەممە، لە کەرکوک تیروپشکى ئەلیکترۆنى بۆ ئەو 85 هەزار کەسەکرا کە ناوى خۆیان بۆ بەشدارى لە حەجى هەرسێ ساڵەکە نوسیبوو، بەشێوەیەک لەو پارێزگایە هەر ساڵێک هەزار و 280 کەس دەچێت بۆ حەج.