بە 11 پارێزگاى عێراقدا تێدەپەڕێت

دیزانى رێگاى گەشەپێدان بە رێژەى 100% تەواو بووە

964+

وریا فەتاح

راوێژکارێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشکراى دەکات، دیزاینی رێگاکانی گەشەپێدان بە رێژەی 100% تەواو بووە کە 11 پارێزگاى عێراق بەیەکترەوە دەبەستێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە 964ـى وت،”بەشێکى سەرەکى لە رێگەى گەشەپێدان زیرەکى دەستکردى تێدا بەکاردێت کە لە رێگەى گەشەپێدانەوە چارەسەرى تەکنەلۆژى پێشکەوتووەوە دەخرێتەڕوو”.

ئاشکراشى کرد، بە رێژەی 100% گەیشتونەتە قۆناغەکانی دیزاینی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، و لە رێگەی کۆمپانیا تایبەتمەندەکانەوە پرۆسەی پێداچوونەوە ئەنجامدەدەن.

عێراق پتر لە دوو ساڵە خەریکی سەرپێخستنی ئەم پڕۆژە ستراتیژیەیە کە هەریەکە لە عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر، بەشدارن لە پڕۆژەکە و کە لەبەندەری فاو دەستپێدەکات و بە 11 پارێزگای عێراقدا تێپەڕدەبێت.

هاوکات کاردەکات بۆ زیادکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسانکاری بۆ جووڵە و بازرگانی، لەگەڵ ئەوەدا دابینکردنی رێڕەوێکی نوێی گواستنەوەی کێبڕکێ و بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی ئابووری هەرێمی لە نێوان ئەو وڵاتانە.

لە پڕۆژەکە شاری پیشەسازی دروست دەکرێت، هاوکات هێڵی شەمەندەفەر عێراق بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بەیەک دەبەستێتەوە، هێندە نا لە پڕۆژەکە بازرگانی شادەماری پێکهێنەری دەبێت، بەگوێرەی زانیاری پێشوەختە لەبارەی پڕۆژەکە 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.

هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەم پڕۆژەیە هیچ رۆڵێکی پێ نەدراوە، پاساوەکە ئەوەیە خاڵی دەستپێک و کۆتایی پڕۆژەکە هیچ یەک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

مانگی ئایاری 2022، کۆنفرانسی رێگای گەشەپێدان لە بەغدای پایتەخت بەسترا بە بەشداری وەزیرانی گواستنەوە یان نوێنەرانی، سعودیە، ئێران، تورکیا، ئوردن، سوریا، ئیمارات، کوێت، قەتەر و عومان، جگە لە نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و بانکی نێودەوڵەتی، بەڵام تەواوی ئەو پڕۆژەیە لە 22.4.2024 واژۆکرا.