لەلایەن پۆلیسى سلێمانییەوە
دواى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى هاوڵاتییەک لە بنکەى پۆلیس سکاڵاى لەسەر کەسێک تۆمار کردبوو کە پارەى خوراوە و هەڕەشەى لێکراوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرنەکرا، سکاڵاکار کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا و دواى ئەوەش پۆلیس تۆمەتبارى دەستگیرکرد.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە 964ـى وت،”هاوڵاتییەک لە پۆلیسى سکاڵاى لەسەر کەسێک تۆمار کردووە کە گوایە پارەى لایەتى و هەڕەشەشى لێکردووە، دواتریش چووە میدیاى بەکارهێناوە کە گوایە ئەو کەسە مافیایە و دەستگیر ناکرێت، بەڵام پۆلیس بە دوو دەقە دەستگیرى کرد”.
وەک ئەوەى سەرکەوت ئەحمەد باسى دەکات، هاوڵاتییەکە مامەڵەى لەگەڵ ئەو کەسە کردووە و شتى داوەتێ و تا بووە بە دوو دەفتەر ئێستاش دەڵێت حسابەکە هەڵەى تێدایە و ئەویش بۆ ئەوەى پارەکەى دەستکەوێتە میدیاى کردووە بە چەکوشى دەستى.
بە وتەى سەرکەوت ئەحمەد، لە یاسادا دادوەر ئەو سکاڵایانە نابینێت چونکە بە ویستى خۆى شتى داوەتێ، بەڵام پۆلیس لەسەر هەڕەشەکە دەستگیرى کردووە و رەوانەى دادگاى کردووە و بەپێى مادەی 452 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.