دوو هەزار پسوڵە کێشەیان هەیە
قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ هاوڵاتیان: پسوڵەی نەوتەکانتان نوێبکەنەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەشێک لە دانیشتووانی دەربەندیخان کێشەی پسوڵەی نەوتی سپیان هەیە، قایمقامیەتی دەربەندیخان ئاگاداریان دەکاتەوە کە سەردان بکەن بەمەبەستی نوێکردنەوە، سەرچاوەیەکیش لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، رەنگە بەم نزیکانە کاتی دابەشکردنی نەوت رابگەیەندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.9.2024، قایمقامیەتی دەربەندیخان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی کەکارتی نەوتیان بەناوەوەیە و لەرێگای بریکارەکانی خۆراکەوە ئاگادارکراونەتەوە، تا رۆژی سێشەمە 10.9.2024 سەردانی لیژنەکەمان بکەن لە قایمقامیەت بە مەبەستی نوێکردنەوەی پسوڵەکانیان.
عەبدولواحید حەسەن، فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو هاوڵاتیانەی دەربەندیخان کە کێشەی پسوڵەی نەوتیان هەیە زیاتر لە دوو هەزار کەسن، بریکارەکانی خۆراک پەیوەندیان پێوەدەکات و دەبێت لە قایمقامیەت ئامادەبن بۆ نوێکردنەوەی پسوڵەکانیان، ئەگەرنا بێبەشدەبن لە وەرگرتنی نەوت.
وتیشی کێشەی ئەو پسوڵانە ئەوەیە کاتێک لە ئامێری دابەشکردنی نەوتەکەی دەدەن نایخوێنێتەوە و لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە کارتەکان رادەستی بریکارەکانی خۆراک کراون لە دەربەندیخان تاو پەیوەندیان پێوەبکەن.
بە وتەی ئەو فەرمانبەرەی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، “ئاگادار کراون کە پەلە لە نوێکردنەوەکە بکەن، پێدەچێت بەم نزیکانە کاتی دابەشکردنی نەوت رابگەیەندرێت”.
“پێویستە لەسەر سەرجەم بریکارەکانی خۆراک ئەو لیستەی لەلایەن بەشی خۆراکەوە پێیان دراوە یەک بە یەک ئاگاداربکەن بە پێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.