سێ کەس گیانیان لەدەست دا
لە خەلەکان درۆن ئۆتۆمبێلێکى بە ئامانجگرت و سێ کەس گیانیان لەدەست دا
964+
وریا فەتاح
نوێکردنەوە کاتژمێر 2:24 خولەک
کامەران عوسمان رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمریکى بە 964ـى وت، وت،” لە کاتژمێر 1:25 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی، لەسەر رێگای نێوان دوکان – کانی وەتمان و لە نزیک ناحیەی خەلەکان، بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەری کرد و سێ کەس لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە”.
زانیارى پێشووتر
کەمێک پێش ئێستا لە ناحیەى خەلەکان، درۆن لە ئۆتۆمبێلێکیدا و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
مەڵبەند خەلەکانى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەهید سەباح خەلەکانى بە 964ـى وت، کەمێک پێش ئێستا، ئۆتۆمبێلێکى جۆرى لاندگرۆزەر لەلایەن درۆنێکەوە بە ئامانجگیرا و سێ کەس گیانیان لەدەست دا”.
وەک باسى دەکات سێ کەس لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدابوون و هەر لە شوێنى رووداوەکە گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەى مەڵبەند خەلەکانى، ئێستا سەرقاڵى دەرهێنانەوەى تەرمەکانیانن و رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانیان دەکەن.
ئۆتۆمبێلەکە لە دەروازەى ناحیەى خەلەکان، لە نزیک بەنزینخانەى داستان لەسەر رێگاى سەرەکى دوکان بۆ رانیە بە ئامانجگیراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژى 23.6.2024، لەسەر رێگای سەیدسادق- هەڵەبجە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە سێ کەسی تێدابووە لەلایەن درۆنەوە بە ئامانجگیراوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داو کەسێکیش بریندار بوو.
بەپێى داتاکانى رێکخراوى (CPT)، لە ماوەى یەک مانگ 15.6.2024 تا 15.7.2024، تورکیا 381 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردووە کە 339 هێرش بە فڕۆکەى جەنگى و 35 بۆردومان بە تۆپباران و حەوت هێرشى درۆنیش هەبووە.
هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانى هەرێم دابەش بوون:
هەولێر: 43 هێرش
سلێمانى: 43 هێرش
دهۆک: 289 هێرش
شەنگال: یەک هێرش
هەر بەپێى ئامارەکانى ئەو رێکخراوە لە، 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.