سەرقاڵی راهێنان
پڕۆسەی سەرژمێری دەچێتە قۆناغی دووەمی کارەکانییەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، “ئامادەکارییەکانی قۆناغی گەمارۆسازیی و ژمارەدانانیی دەستپێکرد” کە قۆناغی پێش کۆتایی و ژماردنی تەواوی تاکەکان، باری کۆمەڵایەتی و ژیارییە لە پڕۆسەی سەرژمێریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
پڕۆسەی سەرژمێریی بە سێ قۆناغ دەبێت، (ئامادەکاری _ گەمارۆسازیی و ژمارەدانان – ژماردن).
لە زۆربەی شارەکانی عێراق سێ رۆژە قۆناغی دووەم دەستی پێ کراوە، لە هەرێمی کوردستان پاش راهێنانی کارمەندەکان پڕۆسەکە دەستپێدەکات، کە ئەنجامدانی پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بۆ باڵەخانە و خانوەکان، رێکارێکی فراوانە بۆ رۆژی ژماردن و سەرژمێریی گشتی.
ژماردن کۆتا قۆناغی پڕۆسەکەیە کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەببرێ و لە ماوەی دوو رۆژدا ئەو قۆناغە کارەکانی تەواو بکرێ، لە راگەیەندراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی بە 964 گەیشتووە، ئاماژە بەوە کراوە دەستەکە ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دەستپێکردووە.
ئامادەکارییەکان خولی راهێنانە، لەپارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخویەکان، ئەوەش بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی قوتابخانەکان بۆ کاری گەمارۆسازی و ژمارەدان بۆ ماوەی 10 رۆژ راهێنانەکەیان بەردەوام دەبێت، لەم قۆناغەدا، 177 هۆڵ ئامادەکراوە لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، زیاتر لە 8000 هەشت هەزار بەڕێوەبەر، یاریدەدەر بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە ئامادە دەکرێن.
بە گوێرەی راگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی سەر بە وەزارەتی پلاندانان، “دوای خولەکە کاری مەیدانی بۆ پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان دەستپێدەکات کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت”.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە خشتەی بودجەکان بۆ ساڵی 2024، بڕی 300 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان تەرخانکردووە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو رێژەیە 38 ملیار دینارە.