قوتابخانەكانی سنووری شارباژێڕ

چواریان مەترسی رووخان و پێنجی دیكەشیان لە كابینەدا دەخوێنن

+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت، قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەكەیان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوەیە و روونی دەکاتەوە، لە كۆی 100 ناوەندی خوێندن، نزیكەی 40 قوتابخانە و باخچە چەند كەموكوڕییەكیان هەیە و ساڵانێكە نۆژەن نەكراونەتەوە.

دەربارەی كەموكوڕییەكانی ئەو قوتابخانانە و هۆكاری نۆژەننەكردنەوەیان، ئەمڕۆ هەینی، 30.8.2024 لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ قسەی بۆ 964 كردوە و وتی، لە دوای قەیرانی داراییەوە، بە دیاریكراوی لە ساڵی 2014 وە هیچ قوتابخانەیەك لە سنوورەكە دروست نەكراوە، هەروەها نەتوانراوە ئەوەی هەیە بەپێی پێویست نۆژەن بكرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری قوتابخانەكان پێویستیانە، كە ژمارەیان بە نزیكەیی 40 قوتابخانە دەبێت، كە كەموكوڕی جۆراوجۆریان هەیە.

ئەو دەڵێت، “ناوەندێكی خوێندنمان نییە لە شارباژێڕ كوالێتییەكی باشی هەبێت، زۆربەیان پێویستیان بە چاكسازی و نۆژەنكردنەوەیە، بەڵام بەشێكیان دۆخەكەیان خراپترە و هەوڵمانداوە بەپێی توانا لە رێگەی وەزارەتی پەروەردە و خەڵكی خێرخوازەوە بەشێك لە كەموكوڕییەكانیان چارەسەر بكەین.”

“قوتابخانە هەبووە چەند كێشەیەكی هەبووە، توانراوە تەنیا كێشەیەكی بۆ چارەسەر بكەین، ئەو قوتابخانانەی گرفتی زۆریان هەبووە، لەبەرئەوەی گوژمەی پێویست لەبەردەست نەبووە بەچەند جارێك نۆژەنكراونەتەوە”، لەتیف حوسێن وا دەڵێت.

باسی لەوەش كرد، لە شارباژێڕ هەشت قوتابخانەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا هەیكەلە و تەواو نەكراوە، كۆمپانیای دروستكار جێیهێشتووە، ئێستا نە حكومەت و نە كۆمپانیاكەش تەواوی ناكەن و كۆمپانیای جێبەجێكاریش رێگرە لە خەڵكی خێرخواز قوتابخانەكان تەواو بكەن.

“چوار قوتابخانەمان مەترسی جدییان لەسەرە، ئەگەر فریایان نەكەوین مەترسی رووخانیان دەكەوێتەسەر، لە پێنج قوتابخانەی سنوورەكەشدا تا ئێستا قوتابیان لەناو كابینەدا دەخوێنن، ئەوەشمان بە سەدەقەی خەڵكی خێرخوازەوە بۆیان كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قوتابخانەكانی خۆیان ژوور و هەیوانێكی قوڕ بووە و مەترسییان لەسەر بووە، لەوانە قوتابخانەكانی، (هەباسە گوڵ لە واژە، سیرین لە ناوچەكانی سەرسنوور، ئاڵەسیاو لە سیتەك، سنجەڵێ و ئەحمەدئاوا لە سنووری چوارتا)”، ئەمەش هەر قسەی بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕە.

لە سنووری پەروەردەی شارباژێڕ، هەزار و 400 مامۆستا لە 100 ناوەندی خوێندن، وانە بە 6000 قوتابی دەڵێنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

یەکەمەکەی شارباژێڕ لەقوتابخانەش بە دکتۆر بانگیان کردو...

یەکەمەکەی شارباژێڕ لەقوتابخانەش بە دکتۆر بانگیان کردووە