لە هەڵەبجە ئامارەكان ئاشكرا كران

ئەمساڵ چەند حاڵەتی بێسەروشوێنکراوان لە كوردستان و عێراقدا تۆمارکراوە؟

+964

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە هەڵەبجە یادی رۆژی جیھانیی بێسەروشوێنکراوان کرایەوە و بەپێی ئامارێک، ئەمساڵ 618 حاڵەتی بێسەروشوێنکراوان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارکراون.

رۆژی 30ـی 8ـی ھەموو ساڵێک تایبەت کراوە بە بێسەروشوێنکراوان، لەم رۆژەشدا کۆلێژی یاسای زانکۆی ھەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە ھاوبەشی (رێکخراوا داک بۆ گەشەپێدانا ژنا ئێزیدی) و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، بە ھاوکاری کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنکراوان (ICMP) سیمپۆزیەمێکی سازکرد.

لە سیمپۆزیەمەکەدا، چەند ئامارێک خرانەڕوو کە تایبەتبوون بە بێسەروشوێنکراوانی پارێزگای ھەڵەبجە و ناوچەی گەرمیان، کە بەم شێوازەی خوارەوەن:
لە ساڵی 1981 بۆ ساڵی 2016 لە تەواوی سنووری پارێزگای ھەڵەبجەدا 337 کەسی ونبوو ھەن، کە لەو ژمارەیە 105یان منداڵن و 124 یشیان ئافرەتن.
لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، سێ ھەزار و 200 وارسی ئەفالکراو ھەن کە زۆربەیان زیاتر لە کەسێکیان ئەنفالە.

لە ناحیەی شۆڕش، و تەکیەی کاکەمەند: نۆ ھەزار و 329، وارسی ئەنفالکراو ھەن.
لە 100 گوندی سنوورەکەش: زیاتر لە پێنج ھەزار ئەنفالکراو ھەن.

لەو ژمارەیەشدا تەنیا 838 رووفاتی ئەنفالکراوان گەڕێندراونەتەوە چەمچەماڵ، ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ساڵی رابردوودا 1500 کەیسی بێسەروشوێنکراوان ھەبوو و ئەمساڵیش 618 کەس بێسەروشوێنن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری