دەڵێن بلیمەت بوو

پیاوە 104 ساڵەکەی گەرمیان کۆچی دوایی کرد

+964

پەری ساڵح

ئەحمەد میرزا ئەمڕۆ لە تەمەنی 104 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، میرزا لە گەرمیان زۆر بەناوبانگ بوو، پیاوێکی دەستڕەنگین و بلیمەت و لێزان بوو.

بێستون ژاڵەیی چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووسە لە گەرمیان، بە 964 وت “بەداخەوە کاتژمێرێک پێش ئێستا لە ماڵەکەی خۆی لە کەلار کۆچی دوایی کرد ئەم پیاوە یەکێک بوو لە داهێنەرەکانی گەرمیان.

ئەحمەدەی میرزا لە ساڵی 1920 لە شارۆچکەی کرندی کرماشان لەدایک بووە، لە منداڵییەوە چووەتە گەرمیان ژیاوە و هەر لەوێش ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە.

بێستون، كە لە نزیكەوە ئەو پیاوەی ناسیوە و پێشتر چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كردووە، ئەو زانیارییانەی لە زاری خۆیەوە بە 964 داوە، كە ئەحمەدەی میرزا ساڵی 1954 مۆلیدەی كارەبایی بۆ ماڵی خۆی لە گوندی مەحمود قەجەر دروستکردووە، لە ساڵی 1956مۆلیدەی كارەبایی بۆ شاعیر و كەسایەتیی كۆمەڵایەتیی گەرمیان مینە جاف دروست كردووە، لە ساڵی  1970 ماتۆڕی گەورەی هەڵگۆزینی ئاو دروست كردووە، كە بێ‌ كارەبا و گاز و رۆن كاری كردووە و لە زۆر شوێندا بەكارهاتووە و لە (8)مەترەوە ئاوی دەرهێناوە .

هەروەها ساڵی 1960 بەدالەیەكی بچوكی تەلەفۆنی بۆ گوندی ئەحمەد میرزا دروست كردووە، كە ماڵەكانی گوندەكە لە ناو خۆیاندا قسەیان پێ كردووە، لە تەمەنی 102 ساڵیشدا چووەتە قەزای کۆیە و 15 رۆژ بۆ دروستکردنی ماتۆڕێكی ئاو ماوەتەوە.

ئەحمەدەی میرزا ئەمڕۆ لە تەمنی 104 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

"ئاژەڵە کێوییەکانی گەرمیان بەرەو لەناوچوون دەچن"