كه‌ركوك؛ ئاڵوگۆڕ به‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق ده‌كرێت

+964

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

له‌ سنورى پارێزگاى كه‌ركووك، فه‌رمانده‌ى هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق ئاڵوگۆڕ به‌ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانى خۆى ده‌كات و ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ش سنورى حه‌مرین و داقوق ده‌گرێته‌وه‌.

ماوه‌ى دوو ڕۆژى ده‌ستكراوه‌ به‌ ئاڵۆگۆڕكردنى هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى عێراق له‌ باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى كه‌ركووك، به‌ تایبه‌تى ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ ژێر ده‌ستى لیواى 18 و 20 سه‌ر به‌ فرقه‌ى 5 پۆلیسى فیدراڵیه‌ و ڕاده‌ستى فیرقه‌ی 11ی پیاده‌ی سوپای عێراق ده‌كرێـت.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست تۆرى964 كه‌وتووه،‌ پێشتر فرقه‌ى 11 ئه‌ركیان پاراستنی به‌ری ره‌سافه‌ بووه‌، زۆرینه‌ی سه‌ربازه‌كانیشی خه‌ڵكی شاری به‌غدان و لیوا روكن (موعد بدای فه‌ره‌ج ده‌ڕاجی) فه‌رمانده‌یی ده‌كات .

سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ربازى تایبه‌ت تۆڕى 964ى ڕاگه‌یاند به‌پێى بڕیارى فه‌رمانده‌یى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، بڕیار دراوه‌ ئاڵوگۆر به‌ هێزى پۆلیسى فیدڕاڵى بكرێت و ڕاده‌ستى لیواكانى فرقه‌ى 11 سوپاى عێراقی بكرێت.

وتیشى “ئه‌و ناوچانه‌ى‌ راده‌ستى فرقه‌ى 11ى سوپا ده‌كرێن، بریتین له‌ ناوچه‌ى (وادى شاى) له‌ ناحیه‌ى ڕه‌شاد سه‌ر به‌ قه‌زاى حه‌ویجه‌، تا ده‌گاته‌ حه‌وزى حه‌مرین و سنورى قه‌زاى داقوق”.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ وتیشى، پۆلیسى فیدراڵى ده‌كشێنه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا و دۆسێ ئه‌منی شاره‌كه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، له‌ ئێستاشدا ته‌نها فرقه‌ى 3 پۆلیسى فیدراڵى له‌ شارى كه‌ركووك ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌منیه‌تى قه‌زاى حه‌ویجه‌ى له‌ ئه‌ستۆیه”.

 هه‌ر به‌پێى قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ‌ ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ رێكه‌وتى 26 ى كانونى دووه‌م شاندێكى وه‌زاره‌تى به‌رگری عێراق گه‌یشته‌ شارى كه‌ركووك كه‌ پێكهاتبوون‌ له‌ فه‌ریق روكن قه‌یس فه‌هداوى جێگرى فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش و لیوا روكن قاسم محه‌مه‌داوى فه‌رمانده‌ى هێزى پیاده‌ى عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى باڵا وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق و فه‌رمانده‌ى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا وپاشان سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه‌یان كرد كه‌ ڕاده‌ستى فرقه‌ى 11 ده‌كرێت و هه‌ڵمه‌تێكى پاككردنه‌وه‌ى له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجام دا .