هه‌ندێك گه‌ڕه‌كیان هه‌راسان كردووه
له پردێ لیژنه‌كان سه‌گى به‌ڕه‌ڵا ژه‌هرخوارد ده‌كه‌ن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌ناو سه‌نته‌رى ناحیه‌ى پردێ، سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌ناو به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كان خه‌ڵكیان هه‌راسان كردووه، لیژنه‌كان به‌رده‌وام كۆیان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام نایانبه‌ن بۆ شێڵته‌رى تایبه‌ت، به‌ڵكو وه‌ك سه‌رۆكى شاره‌وانى ده‌ڵێت، ژه‌هرخوارد ده‌كرێن.
به‌راورد به مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، ژماره‌ى سه‌گه‌كان له‌ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانى پردێ كه‌میكردووه، به‌ڵام به‌قسه‌ى هاوڵاتییه‌ك له‌هه‌ندێك كۆڵان به‌رده‌وام ده‌بیندرێن و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان دروستكردووه.
عیماد كه‌ره‌م، هاوڵاتییه‌كی پردێیه، بۆ 964 باس له‌وه‌ده‌كات كه خۆیان و منداڵه‌كانیان به‌ترسه‌وه له‌ماڵه‌كانیان دێنه‌ده‌ر، چونكه ده‌ڵێت، سه‌گه‌كان په‌لاریان ده‌ده‌ن.
وتیشی “له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه حاڵه‌تێكى په‌لاماردانى منداڵێك له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌گێكه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام زوو فریای كه‌وتین و رزگارمان كرد”.
ئه‌م هاوڵاتییه پێیوایه سه‌گه‌كان به‌هۆى ترسیان له تیمه‌كان كه به‌رده‌وام راوه‌دوییان ده‌نێن، په‌لامارى هاوڵاتیان ده‌ده‌ن، داواكاریشه هه‌ڵمه‌تى كۆكردنه‌وه‌یان به‌رده‌وام بێت بۆئه‌وه‌ى ترس و دڵه‌ڕاوكێی هاوڵاتیانیش كۆتایی پێبێت.
لایخۆشیه‌وه، محه‌مه‌د نه‌جیب مه‌جید به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى ناحیه‌ى پردێ بۆ 964 نایشارێته‌وه كه ئه‌وان له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه كه چه‌ند كارمه‌ندێكی شاره‌وانیشیان له‌گه‌ڵه، سه‌گه به‌ڕه‌ڵاكان له شوێنێك كۆناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو ده‌ڵێت “ژه‌هر خوارد ده‌كرێن”.
وتیشی “به‌هۆى نه‌بوونى شه‌ڵته‌ر یاخود شوێنێكی تایبه‌ت بۆ كۆكردنه‌وه‌یان له ناحیه‌كه‌یاندا هه‌ر له سه‌ره‌تاى هه‌ڵمه‌ته‌كه به پێدانى ژه‌هر له‌ناوبران”.
روونیشیكرده‌وه، ئێستا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و سه‌گانه له‌ناو سه‌نته‌رى ناحیه‌دا ماون و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شیان به‌رده‌وامه.
به‌پێی یاسایه‌ك به ژمارە 48 له‌ساڵى 1968 بۆ له‌ناوبردنى سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له عێراق ده‌ركراوه.
به‌پێی ماده‌ى چواره‌می ئه‌م یاسایه، ئاماژه به له‌ناوبردنى ئه‌م جۆره سه‌گانه كراوه كه مه‌ترسین بۆ سه‌ر ژیانى مرۆڤ، له‌ناوبردنه‌كه‌شیان له‌رێگه‌ى كوشتنه‌وه‌یه به‌هه‌ر شێوازێك بێت.
له‌ماده‌ى شه‌شه‌مى ئه‌م یاسایه‌ش روونكراوه‌ته‌وه كه پێویسته دواى له‌ناوبردنیان له شوێنێكی دوور بسوتێندرێن.
به‌پێی رێنماییه‌كى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م یاسایه داندراوه، له‌ناوبردنى سه‌گى به‌ڕه‌ڵاى له‌رێگه‌ى ژه‌هر پێدانه‌وه به گونجاو زاندراوه.
ساڵی 2013 هه‌مان ئه‌م یاسایه‌ى ساڵى 1968 هه‌موار كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆى تێدانییه كه چاره‌سه‌ركردنى سه‌گى به‌ڕه‌ڵاى له‌رێگه‌ى له‌ناوبردن و كوشتنیانه‌وه ره‌تكردبێته‌وه، به‌ڵكو كوشتنى ئه‌م جۆره سه‌گانه‌ى به‌پێویست زانیوه.