نیوەیان کوردن
لەسەرەتای ئەمساڵەوە 850 کەس لە ئێران دەستگیر کراون
+964
توانا نەقی
بە پێی ئاماری رێکخراوکانی مافی مرۆڤ لەسەرەتای ئەمساڵی 2024ـەوە تا ئێستا 850 کەس بە تۆمەتی جیاواز لە ئێران دەستگیر کراون و نزیکەی نیوەیان کوردن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2024 تا ئەمڕۆ لە هەموو ئێراندا دەستبەسەرکراون و ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو پشتڕاستبووەتەوە گەیشتووەتە 850 کەس.
دەشڵێت، لە سەرجەم ئەو کەسانە 420 کەسیان کە دەکاتە 49.5%ـی کۆی گشتیی ئەو هاوڵاتیانەی دەستگیر کراون کوردن.
هەروەها 125 هاوڵاتی بەلووچ و 97 هاوڵاتی تورکیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەو رێکخراوە رۆژانە هەواڵی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن بڵاو دەکاتەوە و زۆرینەیان بە تۆمەتی سیاسی و مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن، ئەمە جگە لە گرتن تەنیا لە ماوەی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 90 کورد لە ئێران لە سێدارە دراون.