بنەماڵەکەى: سوڵحى عەشایەرى ناکەین

پەردە لەسەر وێنەى کۆڵبەرە کوژراوەکەى خورماڵ لادرا

964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

دواى پێنج رۆژ لە کوژرانى، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکى تایبەتدا لە دەروازەى قەزاى خورماڵ پەردە لەسەر وێنەى ئارام خەلیل، ئەو گەنجە کۆڵبەرەى بە تەقەى پاسەوانى سنوورى عێراق کوژرا.

لە مەراسیمەکەدا، هاوڕێى و کەسوکار و چالاکوانان ئامادەى بوون.

رۆژى 18.8.2024 لە سنوورى هەورامان و بە دیاریکراوى لە خاڵى سنوورى سیپە لە نزیک گوندى سەرگەت، ئەو کۆڵبەرە بە تەقەى هێزەکانى پاسەوانى سنوورى عێراق کوژرا.

سەعید ئەحمەد، خاڵکى کۆڵبەرە کوژراوەکە لە مەراسیمەکەدا بە 964ـى وت، بەھیچ جۆرێک ئامادەنین، بە سوڵحی عەشایەری کێشەکە چارەسەر بکەین و کەیسەکەمان داوەتە دەست دادگا و دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت.

وتیشی،”وێنەکە لەسەر ئەرکی ھاوڕێکانی ئارام دانراوە و ئێمەش پێمان خۆشە، چونکە ئارام تەنھا کوڕی ئێمە نەبووە، بەڵکو بە کوڕی ھەموو ناوچەکەی دەزانین و ئەم ھەڵوێستەشمان پێ خۆشبووە”.

تائێستا هیچ لایەک پشتڕاستى نەکردووەتەوە کە ئەو گەنجە کۆڵبەرە بە تەقەى هێزەکانى پاسەوانى سنوورى عێراق کوژراوە، کەسووکارەکەى وادەڵێن و پۆلیسى هەڵەبجەش لە یەکەم رۆژى رووداوەکەدا رایگەیاند: رووداوێکى تەقەکردن روویداوە.

لە سنووری ھەورامان چەندین خاڵی سنووری ھەن، کە گەنجان کاری کۆڵبەری تێدا دەکەن، یەکێک لەو خاڵە سنوورییانە، خاڵی سنووری سیپەیە، کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سەرگەت و ھانەیدن و ئەو کۆڵبەرە لەوێ کوژراوە.

بەڵام، حه‌مه‌ى حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیریی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كوژرانى كۆڵبه‌ره‌كه‌ى هه‌ورامان له‌ فەیسبووکەکەی بڵاوکردووەتەوە و پرسه‌نامه‌یه‌كه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ى كۆچبه‌ره‌كه‌ى ناردووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، “ھێزەکانی پاسەوانی سنوور کاریان پاسەوانی و پاراستنی خەڵکە نەک کوشتن و شەھید کردنیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح