دوو مانگ دواکەوتووە

ژمارەیەک دوکان لە دووسایدکردنی شەقامێکی قەرەباڵغی سلێمانی رێگرن

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دووسایدکردنی شەقامی دابان لە گەڕەکی کارێزەوشک، لە 92% کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بە قسەی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، ژمارەیەک دوکانی زیادەڕۆ کارەکانی سایدێکیانی پەکخستووە و یەکێک لە زیادەڕۆییەکانیش باڵەخانەیەکی حکومییە.

مەهاباد شەریف، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری دوو سایدکردنی شەقامی دابان بە 964 وت، پرۆژەی دووسایدکردنی شەقامی دابان نزیکە کۆتایی بێت، بەڵام نزیکەی 14 دوکان و بینایەکی حکومی زیادەڕۆ هەن و کارەکانی سایدی شەقامی مەلیک مەحمودیان بەرەو کارێزە وشک پەکخستووە.

باسی لەوەش کرد، پرۆژەی دووسایدکردنەکە لە بەرنامەدا نەبوە و دواتر دووسایدکردنی ناو بازاری کارێزەوشک زیادکراوە بۆ پرۆژەکە، ئێستا ئەو دوکانانە سەرقاڵی مامەڵەی لابردنی زیادەڕۆیین.

مەهاباد شەریف دەڵێت، جێگەیەک لە پشتی ئەو شەقامەوە دیاریی کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی دوکاندارەکان، شەقامەکە نزیکەی 700 مەتر دووسایدکراوە، بینا حکومییەکە موڵکی شارەوانییە و دەڕووخێندرێت.

وتیشی: “ئێستا کارەکانی قۆناغی کۆتایی پرۆژەکە بە ئەنجام دەگەیەنن و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە قیرکردن دەکەن، دەبوو پرۆژەکە لە 25.6.2024 تەواو ببوایە، بەڵام بەهۆی ئەو زیادەڕۆییانەوە تا ئێستا دواکەوتووە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش

کارەبای سلێمانی شەقامێکی نوێ رووناک دەکاتەوە

کارەبای سلێمانی شەقامێکی نوێ رووناک دەکاتەوە