ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان: دادگای فیدراڵ ناده‌ستوورییه
+964
فەرمان سادق
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدڕاڵ بە دادگایەکی نادەستووری ناودەبات و بڕیارەکەشی هیچ خزمه‌ت به سه‌قامگیری و ئارامی له عێراقدا ناكات.
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لەسەر بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێ بڕیارەکە نادەستوورییە و ناکرێت جیاوازی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق بکرێت به تایبه‌ت بابه‌تی موچه‌و قوتی خه‌ڵك كه ده‌بێت دوور بێت له هه‌ر گوشار‌و ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی.
دوێنێ چوارشەممە 25ـی کانونی دووەم، دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک پیوەند بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری چوارەمی خۆی لەسەر ئەو دۆسیەیە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەیدا، دادگای باڵای فیدڕاڵ هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی هەڵوەشاندەوە پێوەند بە ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان.
” ئێمه پێشتریش بۆچوونی خۆمان راگه‌یاندووه كه دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق ناده‌ستورییه‌و پێویسته پێداچوونه‌وه به پێكهاته‌ی ئه‌و دادگایه‌دا بكرێت، ئه‌ویش به‌رێگه‌ی یاسایه‌كی نوێ كه به‌پێی حوكمه‌كانی ده‌ستور بێت به تایبه‌ت حوكمه‌كانی ماده‌ی 92 كه به روونی باس له میكانیزمه‌كانی دامه‌زراندنی دادگای فیدراڵی ده‌كات”. عەبدولجبار عەزیز حەسەن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان وا دەڵێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە راگەیەنراوەکەیدا باس لەوەش دەکات کە “ئه‌م بڕیاره هیچ خزمه‌ت به سه‌قامگیری و ئارامی له عێراقدا ناكات، به پێچه‌وانه‌وه، له‌دژی ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌یه كه له ساڵی رابردوو، عێراقی له قه‌یرانێكی سه‌خت ده‌رباز كرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ”.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ناكرێت له قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستای عێراقدا، دادگای باڵای فیدرالی به چاوی زۆرینه‌و كه‌مینه بڕیار بدات و جیاوازی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا بكات به تایبه‌ت بابه‌تی موچه‌و قوتی خه‌ڵك كه ده‌بێت دوور بێت له هه‌ر گوشار‌و ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی یان به‌ناو یاسایی.
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان داواش لە لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات له‌شوێنی ئاڵۆزتركردنی كێشه‌و گرفته‌كان، به‌دوای چاره‌سه‌ریی ده‌ستوری و یاساییدا بگه‌ڕێن و “له هه‌موویان گرنگتر داڕشتنی یاسایه‌كی نوێیە بۆ پێكهێنانی دادگای فیدراڵی كه تێیدا مافی هه‌موو لایه‌نێك به بێ ره‌چاوكردنی زۆرینه یان كه‌مینه پارێزراو بێت”.