رۆژی هەینی
سێیەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق بەڕێوەدەچیت
964+
شۆڕش قادری
رۆژی هەینی سێیەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە ناحیەی تەقتەق بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئیسماعیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بە 964ـی وت، “کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، سێیەمین فێستیڤاڵی هەنجیر بە سەرپەرشتی گەشتوگوزاری کۆیە و هەماهەنگی و بەشداری هۆبەی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناحیەی تەقتەق دەستپێدەکات”.
“لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی دەستییش نمایش دەکرێن و تێیدا ژمارەیەک خانمی دەستڕەنگین و زیاتر لە 60 جوتیار بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو”، ئیسماعیل عەبدوڵا وای وت.
دەشڵێت، “تایبەتمەندی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە نە پارەی تێدەچێت و نە پارەشی بۆ خەرج دەکرێت، واتە بێ بەرامبەرە و تەنیا بە مەبەستی بەبازاڕکردنی کشتوکاڵ و ناوچە گەشتیارییەکانی تەقتەق بەڕێوەدەچێت”.
هاوکات ئاسۆ محەمەد قادر بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و هونەریی تەقتەق بە 964ـی وت، “ژمارەیەک هونەرمەند و میوزیکژەن بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن و ئامانجمانە لە فێستیڤاڵەکەدا هونەر و کلتوری ناوچەکە رەنگ بداتەوە”.
وتیشی، ئەگەری زۆرە فێستیڤاڵەکە دوو رۆژ بخایەنێت و تێیدا سەرکێشی مەلەوانی و پێشبڕکێی بەلەم ئەنجام دەدرێت.