بۆ چوار وڵاتى دیكه‌شه‌

هێڵی ئاسمانی لوفتانزا راگرتنی گه‌شته‌كانی بۆ هه‌ولێر هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌‌ درێژكرده‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك، هێڵی ئاسمانی لوفتانزای ئەڵمانی راگرتنی گه‌شته‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر تا هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ درێژكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێریش ئه‌مه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.

ته‌نیا فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر نییه‌ بۆ گه‌شته‌كانى لوفتانزا راگیرابێت، به‌ڵكو راگرتنى گه‌شته‌كانى ئاسمانییه‌كانى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممانیش تا 28.8.2024 درێژكردووه‌ته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئه‌م رێکەوتە دیاریكردووه‌، بەردەوام دەبێت لە دوورکەوتنەوە لە ئاسمانی ئێران و عێراق.

ئه‌حمه‌د وشیار، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر بۆ 964 دوویاتیكرده‌وه‌، كه‌ گه‌شته‌كانى ئه‌م هێڵه‌ ئاسمانیه‌ى ئه‌ڵمانیا بۆ فڕۆكه‌خانه‌كه‌یان تاوه‌كو 26.8.2024 راگرتنه‌كه‌ى درێژكراوه‌ته‌وه‌.
وتیشی “له‌دواى ئه‌م به‌رواره‌وه‌ نازاندرێت كه‌ ده‌ست به‌ گه‌شته‌كانى ده‌كاته‌وه‌ یاخود نا”.

لە ماوەی نزیكه‌ی مانگی رابردودا گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە، بەهۆی کوشتنی ئیسماعیل هه‌نییه‌، سه‌رۆكی مه‌كته‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ تاران هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێكی بەیروت کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنان.

ئەو بڕیارەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتانزاش، لەدوای ترسی وڵاتانی رۆژئاوا دێت له‌ هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی ئیسماعیل هه‌نییه‌ كه‌ له‌ تاران تیرۆركرا.

هێڵێکى ئاسمانى راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر...

هێڵێکى ئاسمانى راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى هەولێر درێژکردەوە