ریقنەی مریشک گەڵابەی بە یەک ملیۆن دینارە

دەواجینەکەی پیرەمەگرون پێی وتراوە بۆن بڵاوبکاتەوە پێی دادەخەن

+964

ئەحمەد محەمەد

بۆنە ناخۆشەکە لە پیرەمەگرون دوورخرایەوە، بەڵام ئێستا گوندەکانی ئەو دەورووبەرە دەڵێن حاڵی ئێمەی تێکداوەو بۆن هەراسانی کردووین.

شۆفڵ و گەڵابەو گرێدەر کەوتوونەتە کۆکردنەوەی جیقنەو پاشماوەی ئەو دەواجینەی پیرەمەگروونی هەراسان کردبوو، هەمووی پاککرایەوەو برا بۆ شوێنێکی تر.

دەمێکە خەڵکی پیرەمەگرون لەو بۆنە ناخۆشە ناڕەحەتن کە بەهۆی دەواجینەکەی ئەو دەوروبەرەوە دروست بووە، کێشەکە ئەوەیە کێڵگە پەلەوەرییەکان ریقنە (جیقنە)ی مریشک لەبەر هەتاو هەڵدەخەن و وشکی دەکەنەوە دوایی وەک پەیین دەیفرۆشن، ئیتر بۆنە ناخۆشەکەی بەو دەوروبەرەدا بڵاودەبێتەوە.

ئێستا بۆنەکە لە پیرەمەگرون دوورخراوەتەوە، بەڵام بەشێکی براوەتە نزیک گوندەکانی سوسێ و موغاغ، ئێستا خەڵکەکەی ئەوێ هاواریان لێ هەستاوە، ئەمڕۆ چەند کەسێک لە دانیشتوانی ئەو گوندانە بە 964یان وت تەواو بێزاربوون و ویستویانە بەڕێوەبەری ناحیە ببینن، چارەیەکیان لێ بکات.

بەکر عەبدولکەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون بە 964ی وت ”کێشەی پیرەمەگرونمان چارەسەرکرد، ئامادەین کێشەی ئەو گوندانەش چارەسەر بکەین”.

بەڕێوەبەری ناحیە وردو درشتی هۆکاری بۆنەکەی چارەسەر کردو وتی: خاوەنی دەواجنەکە ریقنەی مریشکەکان لەسەر زەوییەک رۆدەکات و دوایی دەیانفرۆشێتەوە، هەر گەڵابەیەک یەک ملیۆن دیناری بۆ دەکات، هەموو جارێک هەر وادەکات، بەڵام ئەم ماوەیە کڕیاری نەبووە بۆیە ئەوەندە هێشتویەتیەوەو بۆنەکە زیاد بووە.

بەکر عەبدولکەریم دەڵێت ”خەڵکی ناوچەکە هاتنە لام داوایانکرد بە ماوەی 10 رۆژ چارەسەی بکەین، ئێمە بە سێ رۆژ هەموویمان پێ کۆکردەوە، بەشی هەرە زۆری بە دەرەوەی پیرەمەگرون فرۆشت و ئەوەی مایەوە فرۆشرا بە هەندێ کەس لە گوندەگانی سوسێ و موغاغ، ئێستا کە دەڵێن بۆنەکە لەوێ سەریهەڵداوەتەوە ئامادەین چارەی ئەوێش بکەین”.

دەواجینەکە لەسەر ئەم ئیشە سزا دراوەو بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت پێمان وتووە زوو زوو کۆی نەکاتەوە ئەمجارە پێی دادەخەین.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

لەسەر فڕێدانی مریشکی مردارەوەبوو لێکۆڵینەوە لە دەواجی...

لەسەر فڕێدانی مریشکی مردارەوەبوو لێکۆڵینەوە لە دەواجینەکانی هەڵەبجە دەکرێت