لە ئاکرێ منداڵێکی فڕێدراو دۆزرایەوە

+964

هێڤی دێوالی-دهۆک

منداڵێکی تەمەن یەک مانگەی نابینا، لە قەزای ئاکرێ دۆزراوەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی شارەکە لەژێر چاودێری پزیشکییە.

کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی کانونی دووەم، منداڵێکی تەمەن یەک مانگە لەسەر رێگای سیپەی گەشتیاری فڕێدراوە و چەند کەسێک دەیدۆزنەوە و دەیگەیەننە نەخۆشخانەی منداڵبوونی ئاکرێ، دوای پشکنین دەردەکەوێت نابینایە.

نێچیرڤان فەخرەدین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد و وتی، دکتۆری تایبەتمەند چارەسەری پێویستی بۆ دەکات، لەچەند رۆژی ئایندە لەگەڵ دادگا و پۆلیس کۆدەبنەوە تا بزانن چارەنوسی چی لێدێت.

نێچیرڤان ئەوەشی وت “تا ئێستا نازانرێ کێیە ئەو کارەی کردووە، بەڵام بەیانی لە پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەینەوە”.

رێگای سیپە، دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای ئاکرێ، شوێنێکی گەشتیارییە و لە وەرزی زستان ناوچەیەکی تاڕادەیەک چۆڵە.