دوای نۆژەنکردنەوەی جادەکان

لە زاخۆ سەرەمەنهۆڵ ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە

964+

شڤان عەبدوڵا-زاخۆ

جێهێشتنی زیاتر لە 100 سەرەمەنهۆڵ لەلایەن شارەوانی زاخۆ لە سەر جادەکان، ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران دروستکردووە.

لە ماوەی رابردوودا و بەهۆی دروستبوونی لافاو، ئیدارەی زاخۆ دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی جادە و رێگاکان، بەڵام جێهێشتنی سەرەمەنهۆڵەکان لەسەر جادە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران دروستکردووە و گلەیی و گازندەی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

وەلید حەسەن کە شۆفێری تەکسییە دەڵێت، “هەندێک جار دەبێ چەند جارێک سایدی خۆم بگۆڕم بۆ ئەوەی بەر سەرەمەنهۆڵ نەکەوم، هەر بەو هۆیەشەوە چەند ئۆتۆمبێلێک زیانی ماددیان بەرکەوتووە”.

ئیدریس عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964-ی وت، “تا ئەو کاتەی رێکخستنی شۆستەکانی ناو بازاڕ تەواو نەبن ناتوانین کۆتا قاتی قیرتاوکردن جێبەجێ بکەین، دەشزانین کێشە بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دروست بووە، بەڵام پڕۆژەکە خزمەتگوزارییە و با کەمێک پشوودرێژ بن”.

“نازانین کەی پڕۆژەکە تەواو دەبێت، چونکە بە ناچاری ئاراستەی هەندێک جادە بۆ هەندێکی تر دەگۆڕین و ئەوەش ئاستەنگی کارکردن لە پڕۆژەکەدا دروست دەکات، بەڵام هەوڵ دەدەین سێ مانگی تر نەخایەنێت.” ئیدریس عەبدوڵا ئەمەشی وت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

سەرە مەنهۆڵ پێنج کەسی بە گرتندا

سەرە مەنهۆڵ پێنج کەسی بە گرتندا