کێشەیەکی تەکنیکی هۆکارە
پڕکردنەوەی فۆڕم لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دووبارە دەکرێتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی “کێشەیەکی تەکنیکییەوە”، لە دوێنێ سێشەممەوە هەر فۆڕمێک بۆ خوێندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک پڕکرابێتەوە نەگەیشتووە پێیان، باشترە لە ئەمڕۆوە تا 19 رۆژ دیکە، خوێندکاران دەستبکەنەوە بە دووبارە پڕکردنەوەی فۆڕمەکان بە رێگەی ئۆنلاین.
وتەبێژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دەڵێت، “ئەو خوێندکارانەی فۆڕمەکەیان دوێنی پڕکردووەتەوە، پێویستە دووبارە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە”.
پاش وەستانی بۆ یەک رۆژ، ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.8.14 سیستەمی فۆڕمی ئەلیکترۆنی دەستیپێکردەوە لە زانکۆکە، سەرکەفت رەشید، وتەبێژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە 964ـی وت، “دوێنێ سیستەمی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ خوێندنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دانرا، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە سیستەمەکەدا هیچ فۆرمێک وەرنەگیرا”.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، لە 43 بەش پێکدێت و لەو بەشانە 15 بەشی تەکنیکی بۆ سیستەمی پۆلیتەکنیک تەرخانکراوە، تەنیا سێ خوێندکاری یەکەمی پەیمانگای تەکنیکی دەتوانن لە زانکۆکە بخوێنن بەبێ پڕکردنەوەی فۆڕم، بەپێچەوانەوە سەرجەم خوازیارانی دیکە دەبێت فۆڕم پڕبکەنەوە.
لینکی پڕکردنەوەی فۆڕم: https://apps.dpu.edu.krd/register/
مەرجی پێشکەشکردنی فۆڕم ئەوەیە: کە خوێندکار نابێت تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر بێت، وە مافی ئەوەی هەیە فۆڕمی تەنیا یەک بەش پڕبکاتەوە، بەپێی بەشەکانیش کەمترین کۆنمرە کە دیاری کراوە بەم شێوەیە، بەشی ئەندازیاری %70 و بەشی تەندروستی و پزیشکی %65 و بەشەکانی دیکە مەرجە کۆنمرە لە %60 کەمتر نەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا