له‌ نه‌یشن لیگدا ئیسپانیا و ئیتالیا به‌ریه‌ككه‌وتن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە تیروپشکی قۆناغی پێشکۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەڕێوەچوو، كه‌ به‌ نه‌یشن لیگ ناسراوه‌، لە ئەنجامیشدا دوو رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی لێکەوتەوە.

له‌ ئه‌نجامی تیروپشكه‌كه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا “یوێفا” كرا، هۆڵه‌ندا به‌رامبه‌ر كرواتیا یاریی ده‌كات و ئیسپانیا و ئیتالیاش رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.
هاوكات كاتی یارییه‌كان دیاریی كرا:

هۆڵەندا و کرواتیا لە 14ـی حوزەیرانی داهاتوو.
ئیسپانیا و ئیتالیا له‌ 15ی حوزەیرانی داهاتوو.

براوه‌ی هه‌ردوو یارییه‌كه‌ له‌ یاریی كۆتایی له‌ 18ـی حوزه‌یران به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌مان رۆژ یاریی دیاریكردنی پله‌كانی سێیه‌م و چواره‌میش ده‌كرێت.

هه‌ر چوار هه‌ڵبژارده‌ پێشتر سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی پێشکۆتایی مسۆگه‌ر كردبوو، یارییه‌كانی قۆناغی پێشكۆتاییش لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچن.

نه‌یشن لیگ، دووه‌م به‌هێزترین پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی پێی هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپایه‌، له‌وه‌ته‌ی وه‌رزی 2018-2019 به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م وه‌رزه‌ سێیه‌م وه‌شانی كرا، پێشتریش هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی پۆرتوگال و فڕه‌نسا نازناوه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.