دانیشتووانەکەی داوای کردنەوەی بنکەیەک دەکەن

ناحیەی سیتەک تا ئێستا بنکەی تەندروستی 24 کاتژمێری نییە

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ناحیەی سیتەک تا ئێستا بێ بنکەی تەندروستی 24 کاتژمێرییە و دانیشتووانەکەی داوای دەکەن، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، زۆر پێویستیان بەو بنکەیە هەیە و هەندێک هەوڵ هەن، بەڵام هیچیان تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
شادومان رەحمان، دانیشتووی ناحیەکەیە و بە 964ـی راگەیاند، لە دوای کاتژمێر دووەوە هەموو بنکە تەندروستییەکانی ناحیەکە دادەخرێن وهەر نەخۆشێک هەبێت دەبێت راستەوخۆ بیگەننە سلێمانی.
وتیشی، “بنکەیەکی تەندروستی 24 کاتژمێری بۆ سیتەک لە هەموو شتێک پێویستترە، چونکە ئەم سنوورە سوودی لێدەبینن و رزگاریان دەبێت لەو هەموو هاتوچۆیەی سلێمانی”.
سەربەست حوسێن، دانیشتوویەکی دیکەی سیتەکە، ئەو بە 964ـی وت، برایەکی لە مانگی رابردوودا کاتژمێر 12ی شەو دووپشک پێوەیداوە و بەهۆی نەبوونی بنکەی تەندروستی 24 کاتژمێری لە سیتەک بردوویانە بۆ سلێمانی.
روونیشیکردەوە، “هەندێ حاڵەتی کتوپڕ هەن پێویستیان بەوەیە زوو بگەیەندرێنە نەخۆشخانە، تا رووداوی نەخوازراو روو نەدەن، چونکە بەردەوام شەقامی سیتەک – سلێمانی قەرەباڵغە و نەخۆش بە ئاسانی ناگاتە سلێمانی”.
حاکم فەرهاد، بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەک پێویستی زۆری ناحیەکەی بۆ بنکەیەکی تەندروستی 24 کاتژمێری راگەیاند و بۆ 964 وتی، تەندروستی سلێمانی پێی راگەیاندوون هەندێ بنکەی فریاکەوتنتان بۆ دەکەینەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.
وتیشی، “قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناحیەکەدا هەیە، رۆژانی کۆتایی هەفتە، ئەگەر نەخۆشێک هەبێت چەند کاتژمێرێکی پێویستە بگاتە سلێمانی بەهۆی قەرەباڵغییەوە، بۆیە لە هەندێ حاڵەتدا ئەگەر زوو نەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، رەنگە نەخۆشەکە گیان لە دەست بدات”.

ناحیەی سیتەک 30 گوندی بەسەرەوەیە، سەنتەری ناحیەکەش جگە لە نزیکەی 20 هەزار ڤێللا کە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی خەڵکیان تێدایە، هەزار ماڵی دیکەشی تێدایە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سیتەک کرایەوە

بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سیتەک کرایەوە