"پڕوپاگه‌نده‌ بوو"

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ خانكێ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ كه‌مپێكی سنووره‌كه‌یان چۆڵكرابێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەڕێوەبەری ناحیەی خانكێ رایگەیاند كه‌مپی ئاوارەكان‌ له ‌سنوورى ناحیه‌ى خانكێ چۆڵ نەكراون، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌مپه‌ى كه‌وتووه‌ته‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌، ئەوەشی وت، ده‌نگۆكانی لەمبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە، پڕوپاگه‌نده‌ بوون.

دەنگۆکە، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و گرته‌ڤیدیۆیه‌ دێت، كه‌ قاسم شه‌شۆ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگال له‌ رۆژى 3.8.2024 به‌بۆنه‌ى ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان قسه‌ ده‌كات، كه‌ به‌لای وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و یه‌كێتى زانایان و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌ سووكایه‌تى به‌ ئایینى ئیسلام كردبێت و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش له‌لایه‌ن دادگایه‌كی نه‌ینه‌وا بڕیاری ده‌ستگیركردنى دراوه‌.

زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ به‌ 964ـى راگه‌یاند، هیچ كه‌مپێكی سنوورى ناحیه‌كه‌ى چۆڵ نه‌كراوه‌، ژیان له‌ هه‌رسێ كه‌مپه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

وتیشی “ئه‌و ده‌نگۆیه‌ پڕوپاگه‌نده‌ بوو، به‌ تایبه‌تیش پڕوپاگه‌نده‌ى سیاسی”.

ئاماژه‌ى به‌وەش كرد، له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌یدا سێ كه‌مپی ئاواره‌كان هه‌ن، كه‌ بریتین له‌ كه‌مپه‌كانى خانكێ، كه‌به‌رتۆ یه‌ك و كه‌به‌رتۆ دوو، کە به‌ هه‌رسێكیان زیاتر له‌ 40 هه‌زار ئاواره‌ى لێده‌ژین.

"داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دواخراوە"