هەر کارمەندێک ئەم سێ مەرجەی تێدا نەبوو پارەی کارەبای پێمەدەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر کارمەندێک هێلەگی تایبەت و کۆد و ناسنامەی پێنەبوو، کە هاتە بەردەم ماڵەکانتان پارەی کارەبای پێمەدەن. ئەمە قسەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەکەونە داوی ئەو کەسانەی بە ساختە پارەی کارەبا وەردەگرن.

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لەم مانگەوە پارەی کارەبا لە بەردەم ماڵان وەردەگرێت، بەڵام هاوڵاتیان ترسیان هەیە کەسانێک ئەوە بقۆزنەوە و بەناوی کارمەندی کارەباوە پارەیان لێوەربگرن.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی 964ـی ڕاگەیاند “هاوڵاتیانی سلێمانی لای ئێمە ئەو مەترسییەیان ڕاگەیاندووە، بەڵام چارەسەری ئەوەمانکردووە.

دەشڵێت “کارمەندەکان هێلەگ و ناسنامەی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی کارەبایان پێدەبێت، لەگەڵ ئەوەی هەر کارمەندێک کۆدێکی تایبەتی هەیە و هاوڵاتی دەتوانێت داوای بکات و بیبینێت.

وەرگرتنی پارەی کارەبا لە بەردەم ماڵان ئۆنلاین دەبێت و لە رێگەی ئامێرێکەوە لە کاتی وەرگرتنی پارەکە راستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەچێتە سیستمەوە و کێشەی دووبارە گەڕانەوەی قەرز بۆ ئەو پارانەی پێشتر دراون کۆتایی دێت.

“ئەگەر هەر دڵنیا نەبوو، هاوڵاتی دەتوانێت پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەوە بکات و کۆدی کارمەندەکە بڵێت و دڵنیادەکرێتەوە ئەو کارمەندە هی بەڕێوەبەرایەتییە یاخود نا” سیروان محەمەد وای وت.