بۆ یه‌كه‌مجاره‌ و به‌ناوى كورديش تۆمار كراون

5 جۆر جاڵجاڵۆكه‌ى نوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جیهان تۆماركران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یه‌كه‌مجار پێنج جۆری نوێى جاڵجاڵۆكه‌ له‌ هه‌رێمی كورستانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌ رووى زانستى تۆماركران، ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ كه‌ كارى دۆزینه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌ ده‌ڵێت، جاڵجاڵۆكه‌ نوێیه‌كان له‌ سنووره‌كانى سلێمانى، گه‌رمیان و سۆران دۆزراونه‌ته‌وه‌.

جۆره‌ نوێیه‌كان بریتین له‌ (دیسدرا کوردستانیکە)، كه‌ به‌ناوى زانستى  Dysdera kurdistanica و (دیسدرا گۆیژە) به‌ناوى  Dysdera goyzha، (پەڵپیمانەس گەرمیانەس) به‌ناوى  Palpimanus garmiyanus، (تیجیناریا سۆرانی) به‌ناوى  Tegenaria sorani و (زیلۆتس هەزارمێردێنسیس) به‌ناوى زانستى  Zelotes hazarmerdensis له‌سه‌ر ئاستى جیهان تۆمار كراون و وەکو جۆری نوێی Novel Species لەزانستدا ناسێنران.

فەرهاد ئه‌حمه‌د خدر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی کۆلێجی زانست له‌ زانكۆى سلێمانى كه‌ دۆزه‌ره‌وه‌ى ئه‌م جاڵجاڵۆكانه‌یه‌ به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى سێ ساڵ لة 2021 تاوةكو 2023 كارى له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م جاڵجاڵۆكانه‌ كردووه‌ و دۆزراوه‌كانیش له‌ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانن.

وتیشی “له‌ ئه‌نجامى گه‌ڕان به‌دواى دۆزینه‌وه‌كاندا 74 نموونەی جاڵجاڵۆكه‌م كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئەم پێنج دانه‌یه‌یان وه‌ك جۆرى نوێ ده‌ستنیشان كران”.

ئاشكراشی كرد، سێ دانه‌ له‌ جاڵجاڵۆكه‌كان له‌ سنوورى سلێمانى له‌ گۆیژه‌ و هه‌زارمێرد، دانه‌یه‌كیان له‌ گه‌رمیان نزیك گوندى كرپچنه‌ و پێنجه‌میشیان له‌‌ ئه‌شكه‌وتى به‌ستوون له‌ چیاى شیرینى سنوورى قه‌زاى مێرگه‌سۆر دۆزراونه‌ته‌وه‌ و به‌ناوى كوردستانیشه‌وه‌ تۆمار كراون.

روونیشیكرده‌وه‌، دواى دۆزینه‌وه‌یان لە کارێکی هاوبەشی نێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆی مەندڵ لەکۆماری چیک و زانکۆی Altai لە رووسیا و بە سەرپەرشتی د.عه‌لیرەزا زەمانی لەزانکۆی Turku لە فنلەندا، بابەتەکانی ئەم دۆزینەوە زانستییە لەجۆڕناڵی بە ئیمپاکت فاکتەری نیودەوڵەتی Zootaxa بڵاوکرایەوە.

رۆژى 5.8.2024 جۆڕناڵى Zootaxa بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا له‌ رووى زانستییه‌وه‌ ئه‌م پێنج جاڵجاڵۆكه‌ نوێیه‌ تۆمار كراون.

مامۆستاكه‌ى زانكۆى سلێمانى باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌و جاڵجاڵۆكانه‌ى دۆزیوینیه‌ته‌وه‌ له‌رێگه‌ى ماده‌ى كهوله‌وه‌ له‌ناو شوشه‌یه‌ك هه‌ڵگیراون و له‌ زانكۆكه‌ى وڵاتى فیلله‌ندا له‌رێگه‌ى ته‌كنیكی تایبه‌ت و پێشكه‌وتوو كارى له‌سه‌ر كراوه‌ و ئێستاش هه‌ر له‌و زانكۆیه‌ پارێزراون.

ته‌نیا وێنه‌یه‌كی ئه‌م پێنج جاڵجاڵۆكه‌ نوێیه‌ له‌ جۆڕناڵى Zootaxa بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌  به‌ قسه‌ى مامۆستا فه‌رهاد، به‌پێی لێكتێگه‌یشتنى ‌نێوان خۆى و زانكۆكه‌‌ ناتواندرێت وێنه‌ى چوار جاڵجاڵۆكه‌كه‌ى دیكه‌ جارێ بڵاوبكرێنه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ مامۆستا فەرهاد ئه‌حمه‌د خدر به‌ 964ـى داوه‌، تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ئاستى عێراقدا (به ‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌) 131 جۆرى جاڵجاڵۆكه‌ له‌ خێزان و توخمى جیاجیا تۆمار كراون.

ره‌سه‌نایه‌تیى مریشك و ئاژه‌ڵى كوردستان ده‌گۆڕدرێت

ره‌سه‌نایه‌تیى مریشك و ئاژه‌ڵى كوردستان ده‌گۆڕدرێت