لە كەركوك
بەڕێوەبەری بانكێك و بەڕێوەبەرێكی بەش سزای زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق سزای شەش ساڵ زیندانی بە غیابی دژی دوو بەرپرسی پێشووی بانکی رەشید لە کەرکوک راگەیاند، كە بەپێ راگەیانداوی دەستەكە زیانیان بە سندوق و بەرژەوەندییەکانی بانكەكە گەیاندووە.
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 6.8،2024 لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، دادگای تاوانەکانی کەرکوک/دادگای دووەم، بڕیارێکی لەسەر (نەجات عەلی جەواد)، بەڕێوەبەری بانکی رەشید لە کەرکوک و (سەعد حەسەن موسا) بەڕێوەبەری پێشووی بەشی چالاكییەكان لە بانکەکەدا دەكرد، كە هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانی بەبێ ئامادەبوونیان (غیابی) سزادران،
بە پێی سەرچاوەكە، ئەو دوو كەسە زیانیان بە سندوقەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانی بانكی رەشید گەیاندووە.
هەروەها ئاماژە بەوەكراوە، “دادگا دوای پشکنینی بەڵگە دەستكەوتووەكان لە دۆسیەکەدا، كە پێكدێت لە وتەی پارێزەری لایەنی سكاڵاكار، هەروەها دەرەنجام و راسپاردەکانی بەدواداچوونی کارگێڕی پەیوەست بە دۆسیەکە، جگە لە وردبینی راپۆرتەکان، لێدوانەکان، تۆمارەکانی لێکۆڵینەوە، لێدوانی شایەتحاڵەکان، نووسراوی فەرمی و هەروەها راكردنی تۆمەتبارەكان، رازیی بووە بڕیاری سزادانیان بدات”.
بە پێی بڕیاری دادگا، هەریەكە لەوانە بە زیندانیکردن بۆ ماوەی شەش ساڵ سزادران، هەریەکەیان بەپێی بڕگەکانی ماددەی (340)ی یاسای سزادان.
هەروەها بڕیارەكەی دادگا ئەوەی لەخۆگرتووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەردووكیان دەرچووە و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونەتەوە، كە رێگرییان لێبكرێت سەفەری دەرەوەی عێراق بكەن، هەروەها موڵک و ماڵە جوڵاو و نەجوڵاوەکانیان دەستبەسەردا بگیرێت، هەروەها پێدانی ماف بە سکاڵاکار بۆ ئەوەی لە رێگەی دادگا مەدەنییەكان داوای قەرەبوو بكات، دوای ئەوەی بڕیارەكە جێگیركرا.