جوتیارێک نزیکی حەوت ملیۆن دینار زەرەری کردووە

رەشەباکەی پشدەر هەڕەشە لە بەروبوومی جوتیاران دەکات

+964
محەمەد عەلی ـ پشدەر

ماوەی چەند رۆژێکە رەشەبا‌یەکی بەهێز رووی لە ناوچە سنووریەکانی پشدەر کردووە، زیانی زۆری بە بەروبومی جوتیاران گەیاندووە.
هەنجیر، سێو، گوێز، هەرمێ، خەیار و تەماتە، دیارترین ئەوبەرهەمانەن کە زیانیان بەرکەوتووە، بەرهەمی باغەکانی تەکاندووە و زیانیشی بە بەرهەمی تەماتەو خەیاریش گەیاندووە جوتیارێکی سنوورەکەش دەڵێت، ئاوا بڕوات رەنج بە خەسار دەبین.

صەباح محەمەد، جوتیارێکی گوندی بێگەڵاسە لە پشدەر، بە 964ـی وت، ”ئەمساڵ نزیکی پێنج دۆنم زەویم بە خەیار و تەماتە چاندووە، بەڵام نزیکی هەفتەیەکە رەشەبایەکی بەهێز رووی لە ناوچەکەمان کردووە، زیانی زۆری پێگەیاندوم، کە بە نزیکی حەوت ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.

بەقسەی جوتیارەکە، لەچەند ساڵی رابردوودا رەشەبای لەو شێوازە بەهێز رووی لە ناوچەکەیان نەکردووە، کە بڕکی خەیارەکانی لێک ئاڵاندووەو وشکی کردوون، هەروەها کوکی تەماتەکانی وەراندووە و بەشێک لە بڕکەکانیشی شکاندون و بێ بەرهەمی کردوون.

” هاتنی رەشەباکە هاوکات بوو لەگەڵ کوککردنی تەماتە و خەیارەکامان، ئەو کاتەش بەرهەمەکان ناسکن و تازە پێگەیشتوون بۆیە بەرگەی رەشەباکەیان نەگرت و گشت کوکەکانی وەراند و لەبەروبومی خستن.“ صەباح محەمەد وای وت.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی پشدەر، قەزاکە خاوەنی نزکی 140 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراوە، کە بەشێکی بەتەماتەو خەیار دەچێندرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر