فرۆشیارێک: ئەمڕۆ بازاڕمان سێ قات باش بووە
موچە دابەشکرا و بازاڕ حەرەكەی كرد
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی 2024 دەستیپێكرد و جوڵە كەوتە بانک و بازاڕەكانەوە، لە بەردەم بانكی گەرمیانیش نەك هەر خانەنشینان، بەڵكو فرۆشیارەكانیش دڵخۆشن و بازاڕیان گەرم بووە.
دابەشكردنی موچەی مانگی 10 دوای چاوەڕوانی 77 رۆژ دێت لە بێ موچەیی و چاوەڕوانی هەواڵی دابەشكردنی موچە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.12.2024 هەڤاڵ یاوەر فرۆشیارێكی بەردەم بانكی گەرمیانە و بە 964ی وت، ” ئەمڕۆ لە چاو رۆژانی تر بازاڕمان سێ قات باش بوو، ھەرکەس لە بانكەكە دەھاتە دەرەوە، عەلاگەی پڕ شت دەکرد”.
“ڤۆژانی تر ئەگەر لە بازاڕ 100 ھەزارمان بفرۆشتایە، ئەوا ئەمڕۆ سێ قات و زیاتریشمان فرۆشتووە لەبەردەم بانکەکەدا، چونکە موچەخۆران دڵیان خۆشە و دێنە دەرەوە پێداویستیەکانیان دەکڕن”، ھەڤاڵ یاوەر وای وت.
ھەروەها ژنێكیش دوای وەرگرتنی موچەکەی بە دەم كڕێنی پێداویستیەکانی، بۆ 964 ئاشكرای كرد، “دوو مانگە نەڕۆیشتوومەتە بازاڕ، ئێستا ئەوەی مناڵەکانم حەزیان لێبێت بۆیان دەکڕم”.
ئەمڕۆ دابەشكردنی موچە دەستیپێكرد و بەپێی خشتەی دابەشكردنەكە، خانەنشینانی مەدەنی و پێشمەرگە، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەروەها خاوەن پێداویستە تایبەتەكان موچە وەردەگرن، ئەمە جگە لەوەی هەژماری من رایگەیاندووە، مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، هەركە نامەیان لە مۆبایلەكانیانەوە پێگەیشت، بچن لە ئامێرەكانی راكێشانی پارە، موچەكانیان وەربگرن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا