مۆلیدەیان نییە
گوندێکی قەزای ئامێدی سیستمی سۆلار بەکار دەهێنن
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
زۆربەی ماڵەکانی لە یەکێک لە گوندەکانی قەزای ئامێدی سوود لە وزەی خۆر وەردەگرن بۆ دەستخستنی کارەبا، موختاری گوندەکەش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی مۆلیدەوە ئێمە کارەبای وزەی خۆرمان داناوە و بەکاری دەهێنین.
نزیکەی ساڵێکە بەشێکی دانیشتووانی گوندی “هلورا”ی سەربەناحیەی شێلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی، سیستمی سۆلار بەکاردەهێنن بۆ ماڵەکانیان.
عەبدوڵا سەدیق، موختاری گوندی هلورا بە 964ـی وت، ”زیاتر لە 40 ماڵی گوندەکەمان لەسەر ئەرکی خۆیان سیستمی سۆلاریان داناوە، بەهۆی نەبوونی کارەبای مۆلیدە.
وتیشی، ساڵی رابردوو تەنیا شەش ماڵ لە گوندەکە سیستمی سۆلاریان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە زیادی کردووە و ئێستاش بەشێکی دیکەی خەڵکەکە بە نیازی دانانی سیستمەکەن بۆ ماڵەکانیان.
ئاماژەی بەوەشی کرد، ئێمە 24 کاتژمێر کارەبامان هەیە و بە پێی خواستی خاوەن ماڵەکە ئەمپێرەکە دیاریی دەکرێت، هەندێک ماڵ بە رۆژ 15 ئەمپێر و شەو چوار ئەمپێریان هەیە، هەندێکیش بە رۆژ هەشت ئەمپێر و شەویش دوو ئەمپێر کارەبایان هەیە.
“نرخی ئامێری بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر خاوەن ماڵەکە دەوەستێت و هەیە لە هەزار و 500 دۆلار تا دوو هەزار دۆلار تێچووەکەی دەبێت” عەبدولا سەدیق وای وت.
گوندی هلورا یەکێکە لە حەوت گوندەکەی دەڤەری زێباریان لە سنووری ناحیەی شێلادزێ، نزیکەی 60 ماڵ تێیدا دەژین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر