سبەی پەرلەمان كۆدەبێتەوە

ئایا یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق هەموار دەكرێتەوە؟

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سبەی شەممە و یەكشەممەی داهاتووش، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (پەرلەمان) كۆبوونەوەی دەبێت، یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكان گفتوگۆكردنە لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواركردنەوەی.

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی شەممە و یەكشەممەی ئەنجومەنەكەی ئاشكرا كرد، كە بەم جۆرەیە:

یەكەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی – هەمواری دووەم، ژمارە 27ی ساڵی 2016.
دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (التحكیم)

لە دانیشتنی پێشووی پەرلەمان بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی نەكرا، پڕۆژەكە لایەنە سونییەكان هێناویانەتە پەرلەمان و لایەنە شیعییەكانیش پێی رازی نین، بۆیە ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە.

ژماره‌ی زیندانییان له‌ عێراق چەندە؟

لە ئایاری 2023 وەزارەتی دادی عێراق 821 كەسی لە زیندانەكانی بەغدا و هەندێك پارێزگای دیكە ئازاد كرد، كە زۆرینەیان بە بڕیاری دادگا ئازادكران و بەشێكیشیان ماوەی زیندانیكردنیان تەواو كردبوو، 16 كەسیش لەوان بە لێبوردنی كشتی و یەك كەسیش بە لێبوردنی تایبەت ئازادكران.
ژمارەی زیندانیان لە عێراق تا ئایاری 2023 بە راگیراو و حوكمدراو 61 هەزار و 686 كەس بوو.

"لێبوردنی تایبەت لە بەرگی لێبوردنی گشتیی"