لەبەرچی؟

مۆتێلێک لە قەزای ئاکرێ داخرا و سزادرا

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

مۆتێلێک لە قەزای ئاکرێ بەهۆی پابەندنەبوونی رێنمایی لیژنەی قایمقامی قەزای ئاکرێ، داخرا و سزادرا، سەرۆکی لیژنەی قایمقامیەتی ئاکرێش دەڵێت، دوای 10 رۆژ دیكە سەردانی مۆتێلەکە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین رێنماییەکان جێبەجێ کراوە یان نا.

ئەمڕۆ هەینی 2024.8.2، لیژنەی قایمقامییەتی قەزای ئاکرێ سەردانی چەندین ناوچەی گەشتیاری کرد،  یەكێك لە مۆتێلەكان بەهۆی پیسی و ناڕێكییەوە سزادرا و زۆربەی کەلوپەلەکانیشی شکابوون.

زیاد خدر سەرۆکی لیژنە لە  قایمقامییەتی قەزای ئاکرێ بە 964ـى وت، هەفتانە رۆژێک سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان و بازاڕ و چێشتخانەکان دەکەین، ئەمڕۆش مۆتێلەکە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی لیژنەی تەندروستیەوە داخرا و بە بڕە پارەیەكیش سزادرا.

وتیشی، مۆتێلەکە سێ قاتە و شوێنی خواردنەوە و مانەوە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران پێکدەهات، لەگەڵ فرۆشگایەکە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی کەلوپەلەکان شکا و پیس  بوون، دامانخست و تا پاکنەکرێتەوە مۆتێلەکە ناکرێتەوە، دوای 10رۆژی تر سەردانی دەکەینەوە.

“لە سنووری قەزای ئاکرێ یەک هۆتێل و چەند مۆتێلێک هەن، جگە لە نزیکەی پێنج خانووی گەشتیاری، کە خاوەنەكانیان ناوی خۆیان لە قایمقامیەت تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی بە ئاگاداری قایمقامییەت خانووەكان بە كرێ بدەن بە گەشتیاران، چاوەڕێ دەكەین ژمارەی ئەو خانووانە زیاتر ببێت”، زیاد خدر وای وت.

بەپێی زانیاریی 964، كە لە قایمقامیەت وەریگرتووە، ژمارەیەكی دیكە لە هاوڵاتیانی قەزای ئاکرێ، ئامادەكاری دەكەن خانووەکانیان بە ئاگاداری لیژنەیەک لە قایمقامییەت تۆمار بكەن و بۆ بەكرێدان بە گەشتیاران، بیخەنەڕوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا