لە سلێمانى

فرۆشگاى قوتابخانەکان دەدرێنەوە بەو کەسانەى ساڵى رابردوو بەکرێیان گرتبوو

964+

وریا فەتاح

بەپێى بڕیارێکى پەروەردەى سلێمانى، فرۆشگاى قوتابخانەکان (حانوت) دەدرێنەوە بەو بەڵێندەرانەى ساڵى رابردوو بەکرێ پێیان درابوو.

لە نووسراوێکدا کە واژۆى دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى لەسەرە و رۆژى 30.7.2024 دەرچووە و وێنەیەکى بە 964 گەیشتووە، تێیدا بڕیار لەسەر رێنمایى بەکرێدانى فرۆشگاى قوتابخانەکان بۆ ساڵى خوێندنى 2024- 2025، دراوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، دواى هەڵسەنگاندن و گفتوگۆى لیژنەى فرۆشگاکان بڕیارمان دا بە پێدانەوەى فرۆشگاى ناوەندەکانى خوێندن بە هەمان ئەو بەڵێندەرانەى خوێندنى ساڵى 2023 – 2024، ئەوەش بە بڕى 10%ـى نرخى هەمان ساڵ بۆ خوێندنى ساڵى 2024 – 2025.

ئەوەش خراوەتەڕوو لە کاتى رازینەبوونى بەڵێندەر بەم بریارە، ئەوا هەر بەڵێندەرێکى دیکە بە هەمان نرخى سەرەوە رازى بوو پێى بدرێت.

لە بارەى ئەوەشی کە بۆ فرۆشگاى قوتابخانەیەک ئەگەر هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نەبوو وەریبگرێت، ئەوا پێویستە لیژنەى هەڵسەنگاندن خەمڵاندنى نوێى بۆ بکات و بە زیادکردنى ئاشکرا بدرێت بە بەڵێندەرێک.

نووسراوەکە ئاراستەى هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى(رۆژئاوا/ رۆژهەڵات/ شارباژێر/ سەیدسادق/ شارەزوور/ پێنجوێن/ دوکان/ دەربەندیخان/ چەمچەماڵ/ قەرەداغ)، کراوە.

رۆژى 2.1.2024، بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان و نەبوونی دەوام، پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا پارەی خاوەنی حانوتەکان بگەڕێنێتەوە.

هیدایەت عەلی نوێنەری حانوتەکانی سلێمانی ئەوکات بە 964ی وت، هەندێک لە خاوەنی حانوتەکان تەواوی پارەکەی داویانە وەریانگرتووەتەوە، ئەو قوتابخانانەی دەوامیان کردووە، بەپێی دەوامی قوتابییەکان پارەیان لێبڕدراوە.

خاوەن حانوتەکانى پێنجوێن %25 پاره‌یان داو حانوته‌كانی...

خاوەن حانوتەکانى پێنجوێن %25 پاره‌یان داو حانوته‌كانیان كرده‌وه‌