لەسەر دوکەڵ و دەنگ
لە هەولێر ئەمساڵ حەوت مۆلیدەى کارەبا سزاى پێبژاردنیان بۆ کراوە
964+
وریا فەتاح
بەو پێنج مۆلیدەیەى هەفتەى رابردوو سزاى پێبژاردنیان بۆ کرا، ئەمساڵ حەوت مۆلیدەى کارەبایى لە ناو شارى هەولێر سزاى پێبژاردنیان بۆ کراوە لە کۆى ئەو 1200 مۆلیدەیەى لە ناوشاردا مۆڵەتیان هەیە.
دوێنێ یەکشەممە، لیژنەى مۆلیدەکان لە فەرمانگەى ژینگەى هەولێر، سەردانی چەند مۆلیدەیەکى کرد بەمەبەستی چاودێریی کردن و بەدواداچوون و بۆ دڵنیا بوون لەجێبەجێ کردنی رێنماییە ژینگەییەکان، بەڵام بەوتەى دڵشاد هیرانى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر، ژمارەیەک مۆلیدە لەسەر دوکەڵ و دەنگ ئاگادارکردنەوەیان بۆکراوە کە دەبێت لە ماوەى 10 رۆژدا چارەسەرى بکەن.
وەک ئەوەى دڵشاد هیرانى باسى دەکات، ئەمساڵ حەوت مۆلیدە سزاى پێبژاردنیان بۆ کراوە کە پێنجیان هەفتەى رابردوو بوون.
رێنماییەکانى فەرمانگەى ژینگە بۆ خاوەن مۆلیدەکان ئەمانەن:
یەکەم: نابێت مۆلیدەکە دەنگى هەبێت.
دووەم: نابێت دەنگى هەبێت.
سێیەم: نابێت پیس بێت و رۆنى چەورى لەبەر بڕوات.
چوارەم: دەبێت ژێرى مۆلیدەکان کۆنکرێت بێت.
پێنجەم: دەبێت چواردەورەکەى دارو درەخت و سەوزایى بێت.
بە وتەى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگە، لە وەرزى هاویندا بەشێک لە مۆلیدەکان دەرگاکانیان دەکەنەوە و دەنگ دێتە دەرەوە لەسەر ئەوە ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت دەنگ بێتە دەرەوە، یان مۆلیدە یەدەگەکان بێدەنگ نەکراون.
پێشتر قارەمان مەولود، سەرۆکى لیژنەى مۆلیدە ئەهلییەکانى هەولێر بە 964ـى وتبوو،”هەزار و 200 مۆلیدە لاى ئێمە تۆمارن و هەموویان پابەندن بە بێدەنگ کردنیان، بەڵام لێرە و لەوێ مۆلیدەیەک دەنگى دێت پەیوەستە بە گەرماوە، چونکە خاوەنەکەى دەرگەکەى کردووەتەوە”.
بەمەبەستى کەمکردنەوەى ژاوەژاو، پارێزگاى هەولێر لە 2020ـەوە بڕیاری دا بە پابەندکردنى خاوەن مۆلیدەکان، کە دەبێت بە سیستمێک مۆلیدەکانیان بێدەنگ بکەن.