پۆلیسی سلێمانی:

دایک و کچێک له‌سه‌ر كوشتنى هاوڵاتییه‌ك ده‌ستگیركراون

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەک و ده‌ڵێت دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ دایک و کچێکن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، دوای ئەوەی شەوی رابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی دیكه‌دا دەبێتە شەڕ و دەماقاڵێیان، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات و تۆمەتبارانیش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن.
دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە و ئەنجامدانی هێڵکاریی بۆ شوێنی رووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد.
ده‌شڵێت “سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.”
هەردوو تۆمەتباركه‌ كه‌ پۆلیسی سلێمانى ناوه‌كانى ئاشكرا كردووه‌ بریتین له‌ (ن. ع. م.) و (أ. ج. م.) و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.