شارەوانی کەرکوک رێکار دەگرێتەبەر
نابێت لەمەودوا لە حەوزی ئاوی رووباری خاسە مەلە بکرێت
964+
ژێوار خدر
شارەوانی کەرکوک بڕیاریداوە رێکار بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە مەلەوانیکردن لە حەوزی رووباری خاسە، بۆ ئەمەش بەنیازن چەند تابلۆیەکی ئاگادارکردنەوە لە دەوربەری حەوزەکە دابنێن.
عەدنان حەمە شکور بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک بە 964ـی وت، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکی شارەوانی کەرکوک سەردانی رووبارەکەی کردووە بینیویەتی چەند منداڵێک دەیانەوێت مەلە بکەن، بۆیە دەستبەجێ بڕیاریداوە رێکار بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە مەلە کردنی خەڵک لەو شوێنە لەپێناوی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
وتیشی “جگە لە دانانی تابلۆکان، شوێنەکەش سیاج دەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنە ژوورەوەی ئاژەڵ بکەن بۆ ناو چیمەنی شوێنەکە”.
شارەوانی بە نیازە ناوچەی سەوزایی و رێڕەوی ڕۆیشتن، رێڕەوی راکردن، دانانی ستوونی رووناکی، چاندنی نەمام و گوڵ لەو شوێنە دروستبکات.
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی کەرکوک، روونیشیکردەوە پێشبینی دەکەن لە هەفتەی داهاتوو دەست بەکارەکان بکەن و لە کەمترین کاتدا تەواوی بکەن.