لە بەحرکە

لە هەڵمەتێکی دوو رۆژەدا زیاتر لە 100 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆکرایەوە

964+

ژێوار خدر

شارەوانیی بەحرکە هەڵمەتێکی دوو رۆژەی لە ژێر دروشمی” ژینگەیەکــی خـاوێن و ژیانێکی تەندروست” راگەیاند و وەک خۆیان دەڵێن، ناحیەکەیان لە خۆڵ و خاشاک پاککردەوە.

هەڵمەتەکە لە رۆژەکانی 21.7.2024-22 دا ئەنجامدراوە، لەو دوو رۆژەدا زیاتر لە 100 تۆن زبڵ و خاشاک لە ناو ئاوەڕۆ، مەنهۆڵ، شـەقـام، کۆڵان، دوو سایدی سەرەکی و زەوییە بەتاڵەکانی سنووری ناحیەکە هەڵگیراوەتەوە.

مەموند عەبدولوەهاب سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە بە 964ی وت، ئێمە بەردەوام رۆژانە ناحیەکە پاک دەکەینەوە، بەڵام هەر ماوەی جارێک لە کاتی لافاو یان گەرمای هاویندا، هەڵمەتی فراوانی پاککردنەوە رادەگەیەنین، ئەوەش لە پێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و پیسی، چونکە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە لەم وەرزەدا بۆنی ناخۆش زیاتر بڵاودەبێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە وتیشی، لە هەڵمەتەکەدا 30 ژینگەپارێز بەشداربوون و شۆفڵ، گەڵابە و ئامێرە دەستییەکانیان بەکارهێناوە و زیاتر لە 100 تۆن زبڵ و خاشاک لە شەقام و مەنهۆڵەکانی ناحیەکەدا کۆکراونەتەوە، بەشێکـی زۆری دوورگەی ناوەندی شەقامی 150 مەتریش لە گژوگیا و درەختی وشکبوو پاککراوەتەوە.

شارەوانیی ناحیەی بەحرکە دەڵێت، “لە هەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگەدا بەردەوام دەبین، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی تەمموز و ئاب کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک مەترسیدارتر دەبن، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گژوگیای وشکبوو ئەگەری سووتانی زیاد دەکات.”

تیمێکی شارەوانی لە بەحرکە 24 کاتژمێر لە شەقام بوون

تیمێکی شارەوانی لە بەحرکە 24 کاتژمێر لە شەقام بوون