دەربەندیخان مۆڵەتی هەفتەیەکی بە حکومەت دا

+964

هونەر فارس – دەربەندیخان

کەمیی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە دەربەندیخان، چالاکوانانی هێنایە دەنگ و هەڕەشەی خێمەهەڵدان و مانەوەی سەرشەقام دەکەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە گرفتەکانی شارەکە، بەشێک لە چالاکوانانی دەربەندیخان لە پارکی شاری دەربەندیخان گردبوونەوە.

هۆکاری گردبوونەوەکە بۆ کەمیی پێدانی کارەبای نیشتیمانی و نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە شارەکەدا بوو.

ئەیوب عەلی چالاکوان بە تۆڕی 964ی راگەیاند: کارەباکەمان وەک ترافیکی لێهاتووە و رۆژانە کەمتر لە هەشت کاتژمێر کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیانی شارەکە.

ئەو چالاکوانە زیاتر وتی، مۆڵەتی هەفتەیەکیان بە دەسەڵات داوە، ئەگەر بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەیەن ئەوا هاوشێوەی هاوڵاتیانی پێنجوێن خێمە هەڵدەدەن و لەسەر شەقام دەمێننەوە.

قەزای دەربەندیخان خاوەنی بەنداوی ئاو و وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام تا ئێستا گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و کارەباکەشیان بە ئەستەم پێدەدەن.