داواى قازانجى زۆر دەکەن

 هیچ بەڵێندەرێک پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى رێگەى هامڵتۆن وەرناگرێت

964+

ئاکام غەفور-سۆران

دوو پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە بۆ رێگەی هاملتۆن دەرچووە، بەڵام وەک ئەوەى رێگاوبانى سۆران باسى دەکات، هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە وەریبگرێت.

رێگەى هامڵتۆن کە سۆران بە چۆمانەوە دەبەستێتەوە، ئێستا دوو پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى بە درێژى 12 کیلۆمەتر بۆ دەرچووە و ئێستاش بەشێکى رێگاکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى چاککردنەوە و پاراستنى رێگەوبانى سۆران کارى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى بۆ دەکرێت کە درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە.

خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران، بە 964ـی وت، دوو پرۆژەمان بە شێوەی تەندەر راگەیاندوە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەی هامڵتۆن، بەڵام هیچ بەڵێندەرێک وەری ناگرێت و داوای پارەی زیاتر و خەیاڵی دەکەن بۆ چاککردنی رێگەکە.

وتیشی،”یەکێک لە پرۆژەکان بەڵێندەر داواکاری پێشکەش کردووە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، ئێمەش داواکاریمان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بۆ تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ یەکێک لە تەندەرەکان، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.

دەربارەی ئەو بەشەی ئێستا کاری لێدەکرێت، رێگەوبانی سۆران دەڵێت، لە چۆمان بەرەو سۆران دەگەڕێینەوە، سێ کیلۆمەتری رێگەکە تەواو بووە و قیرتاو کراوە، سێ کیلۆمەتر و نیویشی ئێستا کارکردن لێی بەردەوامە، دوای تەواوبوونی ئەو بەشەش لە نزیکی  بازگەی جوندیان بەشێکی دیکەى رێگاکە چاک دەکرێت.

رێگەی هامڵتۆن یەکێکە لە گرنگترین رێگەکانی کوردستان و رێگایەکی ستراتیجی و بازرگانییە، دەروازەی حاجی ئۆمەران بە هەولێر دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەشێک لە رێگاى هامڵتۆن دادەخرێت

بەشێک لە رێگاى هامڵتۆن دادەخرێت