"کارەکەیان مەترسی هەیە"

شارەوانی سلێمانی: ئەرکی هاتوچۆیە فرۆشیاری ژێر پردەکان لاببات

964+

ئەحمەد مستەفا

لە ژێر یەکێک لە پردەکانی سلێمانی، بە رۆژ و بەشەو ژمارەیەک فرۆشیار سەرقاڵی کارکردنن، “جگە لە مەترسی سەر ژیانیان هۆکارن بۆ دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ”.

پردەکە دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود (60مەتری سلێمانی)، رەنگە ئەوە دیمەنی یەکێک لە پردەکان بێت و هاوشێوەی لە ناو شارەکەدا زۆر بێت.

کڕیارەکانیش کاتێک دەوەستن مەودای شەقامەکە کەمتر دەکەنەوە، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەو کارە تەواو قەدەغە کراوە، ئەرکی تیمەکانی هاتوچۆیە شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلانە چۆڵ بکەن”، 964 سۆراغی زیاتری کاری ئەو فرۆشیارانەی کرد.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 16.7.2024، بە 964ی وت، “رۆژانە و بەردەوام، تیمەکانی زیادەڕۆی لە ئەرکدان، سەرەڕای کەمی ستافەکەیان، بەڵام کاریان بۆ ئەوە کردووە، مێز و ناوچەی زیادەڕۆ دروست نەکرێ”.

بە قسەی ئەو بیانووی ئەو  فرۆشیارانە بژێوی ژیانە، “بەڵام، تیمەکان سەرەتا ئاگاداریان دەکەنەوە، لە ئەگەری دووبارە کردنەوە غەرامە دەکرێن، جگە لە سیمای شارستانی شارەکە، مەترسی رووداوی هاتوچۆی هەیە و مەترسییە بۆ خودی گیانی فرۆشیارەکانیش”، زەردەشت رەفیق وای وت.

بە قسەی عوسمان عارف، بەرپرسی بەشی زیادەڕەوی لە شارەوانیی سلێمانی، “تەنیا ساڵی رابردوو، دوو کەس بەهۆی شت کڕینەوە لەسەر شەقام گیانیان لەدەستداوە، کە ویستوویانە لەو میوەفرۆش و کاسبکاران شت بکڕن”.

بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی بوو بە خاوەن بینای خۆ...

بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی بوو بە خاوەن بینای خۆی