یانه‌ی زاخۆ رووی له یاریزانه ئوردنییه‌كان كردووه
964+
ئه‌رسه‌لان عهبدوڵلأ – هه‌ولێر
یانه‌ی وه‌رزشی زاخۆ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانێكی دیكه‌ی ئوردنی واژووكرد، به‌مه‌ش ژماره‌ی گرێبه‌سته‌كانی له گواستنه‌وه‌ی زستانه‌دا گه‌یشته هه‌شت یاریزان.
یانه‌ی زاخۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 23ـی كانوونی دووه‌م بڵاوی كرده‌وه، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ یاریزانی پیشه‌گه‌ری ئوردنی “خالید رازی” واژوو كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له خولی نایابی عێراق یاری بۆ یانه‌كه بكات.
یانه‌كه ورده‌كاریی گرێبه‌سته‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام تۆڕی 964+ ده‌زانێت، وه‌ك گرێبه‌سته‌كانی دیكه، تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌یه.
خالید رازی له هێڵی ناوه‌ڕاست یاری ده‌كات، پێشتر بۆ یانه‌كانی ئەلعەرەبی و بەحرێنی بەحرێنی، فهیسەڵی و سەریحی ئوردنی، هه‌روه‌ها بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی لاوان و ئۆڵمپیی ئوردن یاری كردووه.
رازی ده‌بێته دووه‌م یاریزانی ئوردنی له ریزی یانه‌ی زاخۆ، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌كه گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حیجازی ماهیری واژوو كرد.
یانه‌ی زاخۆ له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی زستانه‌دا، كه سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه ده‌ستیپێكرد، تا ئێستا جگه له‌و دوو یاریزانه‌ی ئوردنییه، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ شه‌ش یاریزانی دیكه‌ش كردووه، كه ئه‌مانه‌ن “حەیدەر ئەحمەد، محه‌مه‌د عومەر غه‌نیمی لیبیایی، گۆڵپارێز لەیس مەعین، بوبەکر جبریلی گۆمیی نه‌یجیری، بازی ئارماندی كۆتدیڤواری و عومەر مەنسوری”.
یانه‌ی زاخۆ بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ یارییه‌كانی خولی نایابی عێراق، چه‌ند رۆژێكه له شاری به‌غدا كه‌مپێكی مه‌شقییان ده‌ستپێكردووه.
یانه‌كه ئێستا له پله‌ی 18ـی ریزبه‌ندیی خولی عێراقه و ته‌نیا هه‌شت خاڵی هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێگه‌یه‌كی خراپه بۆ یانه‌كه و ده‌یه‌وێت خۆی لێ ده‌رباز بكات.