فەرمانبەرانی دارایی كوردستان و عێراق پێكەوە مەشق دەكەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە كۆبوونەوەی وەزیری دارایی كوردستان و راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاردرا، چەندین خولی هاوبەش بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری تایبەت بە یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی و ژمێریاری هەردوولا ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی دارایی كوردستان بڵاویكردەوە، رۆژی 14.7،2024 وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب پێشوازی لە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەی دارایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەیسەم حەسەنی کرد.
وەك لە راگەیاندراوێكی وەزارەتی داراییدا هاتووە، بڕیاردرا چەندین خولی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری تایبەت بە یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی و ژمێریاری بکرێتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی کارەکانی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی و ژمێریاری لە نێوان وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرا و وەزیری دارایی ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانی لیژنەکە و یەکخستنی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان دووپات کردەوە.
964 دووجار پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی دارایی كوردستانەوە كرد بۆ وەرگرتنی زانیاری لە بارەی ئەو خولانەی بڕیارە بكڕێنەوە، بەڵام پەیوەندییەكان بێ وەڵام بوون.