بۆ دووەمجار زەویی یەکەی کرێنشینان لە سلێمانی رەت دەکرێتەوە

میدیازان – پێشەوا  محەمەد – سلێمانی

بەهۆی دووریی زەوییەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لە نزیکییەوە، بۆ دووەمجار زەویی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی یەکەی کرێنشینان لە شاری سلێمانی رەت دەکرێتەوە.

بەرزان حامید، ئەندامی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: پێشتر لە نزیک تاسڵوجە زەوی بۆ یەکەی کرێنشینان دابین کرابوو، بەڵام رەت کرایەوە، چونکە خزمەتگوزاریی پێویستی وەک بازاڕ و هاتووچۆ قورس بوو بۆ کرێنشینان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە بڕیاری دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی بۆ کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان داوە و بڕیارە بە پێشەکیی ٣٠٪ و بە قیستی پانزە ساڵ پێیان بدرێت. لەو ٢٠ هەزارە، پارێزگای سلێمانی ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمییانەوە ٨ هەزار و ٦٠٠ یەکەیان بەردەکەوێت.

زەوییەکان لەلایەن شارەوانی شارو شارۆچکەکانەوە دابین دەکرێت، بەڵام لیژنەی پلان و پرۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگا شوێنەکانی بەدڵ نییە.

“جاری دووەم لە نزیک ڕاپەڕین و نزیک عەربەت زەوی دابین کرایەوە، بەڵام ئەوانیش ڕەت کرانەوە چونکە دوورن و ناکرێت کەسێک مانگانە قیست بدات بە حکومەت و لەملاشەوە ٢٠٠ هەزار بدات بە کرێی هاتووچۆ و رێگەی کڕینی پێویستییەکانی”، بەرزان حامید وای وت.

بە پێی زانیارییەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم، یەکەکان لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێن و زاخۆش یەکەم شوێن دەبێت دروستکردنی یەکەکانی لێوە دەست پێ دەکات.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ میدیازان وتی: “وەک رەتکردنەوە ئەو زەوییانە رەت نەکراونەتەوە، بەڵام پێسنیار کراوە زەوییەکان هەتا لە خزمەتگوزاری و شەقامی گشتی و ئاسانکاریی هاتووچۆوە نزیک بن بۆ کرێنشینان باشترە.”